ڕۆژنیوز – ئەمیر #خانەقین#ی
بەهۆی نەبوونی خوێن لە نەخۆشخانەی گشتی شارۆچکەی خانەقین، توشبوانی تالاسیمیا بۆ وەرگرتنی خوێن سەردانی نەخۆشخانەکانی شار و شارۆچکەکانی دیکە دەکەن.
لە شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالە تەنیا یەک بانکی خوین هەیە، کە لەناو نەخۆشخانەی گشتی خانەقین-دایە و ئەویش بە گوێرەی پێویستیی نەخۆش، خوێنی تێدا نییە.
یوسف عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا-ی خانەقین بە ڕۆژنیوزی وت: لە شارۆچکەی خانەقین و شارەدێییەکانی دەوروبەری نزێکەی 147ئەندامان هەیه، کە تووشبووی نەخۆشیی تالاسیمیا-ن، پێشتر لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین خوێن دابین دەکرا بۆ نەخۆشەکان، بەڵام ئێستا بە گوێرەی پێویست نییە و بەشێک لە نەخۆشخانەکان ڕوو لە ناوچەکانی تر دەکات بۆ وەرگتنی خوێن.
یوسف عەلی، داواشیکرد، کە بەشێکی تایبەت بکرێتەوە لە نەخۆشخانەکە بۆ توشبوانی نەخۆشی تالاسیمیا.
لە بەرامبەردا، حاتەم عەبدولستار، جێگری بەرێوبەری نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بە ڕۆژنیوزی وت: لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بانکی خوێن هەیه، بەڵام یەکەیەکی بچوکە و فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەی گشتی خانەقین هەیە چونکە خەڵکێکی زۆر لە سەرجەم شارەدێکانی خانەقین-ەوە ڕوو لە نەخۆشخانەکەمان دەکەن، جگە لەوە دەبێت خوێن دابین بکەین بۆ توشبوانی تالاسیمیا، هەروەها حاڵەتەکانی منداڵ بوون و فریاگوزاریی.
جێگری بەرێوبەری نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، وتیشی: بە گوێرەی پێویست خوێن لە بانکی خوێنی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین نییە، هەروەها لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێک لە پێداویستییەکانی پشکنین بۆ بوتڵە خوێنەکان نییە.
حاتەم عەبدولستار، داواشی لە هاوڵاتیان کرد، کە ڕوو لە نەخۆشخانەی گشتی خانەوین بکەن بۆ بەخشینی خوێن و هاوکاریان بن.
10-08-2017