یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئێمە دووەم سەرچاوەی کۆکردنەوەی داهاتین لە وەزارەتی دارایی، ئاماژەکان زۆر دڵخۆشکەربوون و گەیشتووینەتەوە بە ساڵی 2013، کۆی داهاتی باجی دەرامەت و خانووبەرە و میری گەیشتووەتە سەرووی 92 ملیار دینار.
عەلی عەبدولڕەحمان عارەب، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی ڕووداو، لەبارەی زیادبوونی داهاتەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: خۆشبەختانە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی تۆکمەی داڕشت لەدوای ئەو قەیرانەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەدوای ساڵی 2013 و بڕینی بودجە ڕووبەڕووی بووەوە، کە توانی پێداچوونەوەیەک بە یاسای ڕسومات و باج بکات کە حکومەت پێویستە وەریبگرێت.
عەلی عەبدولڕەحمان، دەڵێت: بەپێی ئەو ئامارانەی کە ئێمە لە باجی دەرامەت و خانووبەرە لەبەردەستماندایە ئاماژەکان زۆر دڵخۆشکەربووینە بە بەراورد بە ساڵانی 2014 و 2015، ئەوەش جێی دڵخۆشییە بۆ هەموو لایەکمان.
بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی کوردستان گوتی ئەگەر بەراوردکارییەک لەنێوان داهاتی 2014 و 2015 بۆ ساڵی 2017 بکەین، دەتوانین بڵێین گەیشتووینەتەوە بەو داهاتەی کە لە ساڵی 2013 هەمانبووە، کە لەوکات پرۆژەی گەورە ئەنجامدراوە و لەسەر بنەمای ئەو پرۆژانە باجمان وەرگرتووە، ئەمڕۆ ئێمە گەیشتینەوە بە ژمارەیەکی زۆر باش تاوەکو مانگی 5ی 2017.
عەلی عەبدولڕەحمان، دەشڵێت: ئێمە دووەم سەرچاوەی کۆکردنەوەی داهاتین لە وەزارەتی دارایی، کۆی داهاتی باجی دەرامەت و خانووبەرە و میری تاوەکو مانگی 5ی 2017 گەیشتووەتە سەرووی 92 ملیار دینار.
سەبارەت بەو بڕیارانەی لەلایەن حکومەتەوە دەرکراون بۆ ڕێکخستنەوە و چاکسازی، تاچەند بووەتە بارگرانیی بەسەر هاونیشتمانیانەوە، عەلی عەبدولڕەحمان، دەڵێ: حکومەت بیری لەوەش کردووەتەوە کە بارگرانی لەسەر خەڵکی کەمدەرامەت نەکرێت، هیچ جۆرە باجێکیشمان لەسەر خەڵک زیاد نەکردووە، ڕەنگە کەمتریش لەو باجە وەربگرین بەراورد لەگەڵ بەغدا.[1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 10-08-2017