لە #کەرکووک# سێ کەس لە ماوەی چوار ڕۆژدا بە فیشەک کوژراون و تەنیا 1 حاڵەتیان بکوژەکەی دۆزراوەتەوە.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی کەرکووک ڕایگەیاند، چەکدارێکی نەناسراو لە گەڕەکی واستی لە نزیک حوسێنییە جەعفەر سادق هەڵدەکوتێتە سەر فرۆشگایەک، دوای کوشتنی خاوەنی فرۆشگاکە چ پارەی نێو دوکانەکە هەیە دەیبات و پاشان هەڵدێت.
وتیشی، دەزگا ئەمنییەکان دوای ئەوەی دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە دەست بە لێکۆڵێنەوە دەکەن و تەرمەکەیان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کردووە.
لەسەرێکی ترەوە لە شارۆچکەی #دوبز#، گەنجێک کە پاسەوانی بیرە نەوتییەکان بوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەی لێکراوەو کوژراوە.
عەقید (شەماڵ موحەمەد)، لێپرسراوی یاریدەدری ئاسایشی دوبز ڕایگەیاند، گەنجەکە ناوی (ئارام بەکر) بوو لە نێو یەکێک لە گەڕەکەکانی قەزاکە تەقەی لێکراوەو بە چوار فیشەک کوژراوە.
لەلایەکی ترەوە عەمید #سەرحەد قادر#، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک بۆ کەرکووک ناو ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو گەنجێک لە نێو ماڵەکەی خوێدا لە گەڕەکی ڕاپەڕین لە قەزای دوبز بە چەکی تاپڕ کوژرا.
وتیشی، لێژنەیەکیان بۆ ڕووداوەکە پێکهێنا دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان توانرا چەند کەسێک لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیربکەن و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لەبەردەم دادوەر دانی بەتاوانەکەی داناوە کە ئامۆزای کوژراوەکەیە.
تەنیا لە ماوەی پێنج ڕۆژدا، (20) کەس بە تۆمەتی جیاواز لە سنوری پارێزگای کەرکووک دەستگیرکراون، ئەوەش بەپێی ئامارەی هێزە ئەمنیەکان.
ماڵپەڕی کوردیو: 10-08-2017