دەقی ڕاگەیەنراوی جڤاتی نیشتمانی #بزوتنەوەی گۆڕان#.
راگەیەندراوی #جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان#
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا هەلومەرجی سیاسی کوردستان و قەیرانی دارایی و نیگەرانیی هاوڵاتیانی کوردستان تاوتوێکران. جڤاتی نیشتمانی جەختی لەسەر باشکردنی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان کردەوەو دوای تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی جڤاتی گشتی بڕیاریدا ئەم ڕاگەیەنراوە بخاتە بەردەم ڕای گشتی و هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.
بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆکردنی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بژاردەیەکی گونجاو دەزانێ بۆ چارەسەری قەیرانەکانی #هەرێمی کوردستان# لە ڕێگەی:
یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچە، کە #حکومەتی هەرێم# بە نایاسایی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندویەتی.
دوەم: دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە داهاتی نەوت و غازو داهاتە ناوخۆییەکانی تر لە ڕێگای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2015)ی #پەرلەمانی کوردستان# تایبەت بە سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکانی کوردستان و یاسا کارپێکراوەکانی وەزارەت و دەستەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانرێ پارەی کۆمپانیاو کاسبکاران بدرێتەوەو پارەی پرۆژە پەکخراوەکان خەرج بکرێ و خزمەتگوزاری لە هەمو کەرتەکاندا چاکبکرێت.
سێیەم: ڕاگەیاندن و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئامانجی هەمو خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانە. ڕیفراندۆم ئامرازێکە پێش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێ. بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە (25-9-2017) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی و هەلومەرجی لەباری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی دراوە، بە تایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ کات و هەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.
چوارەم: پەرلەمانی کوردستان، دوای ڕێکەوتنی سیاسی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان، ئاسایی بکرێتەوەو درێژە بە کاری یاسادانان و چاودێری بکات و بەردەوام بێت لە هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی لە کوردستان.
پێنجەم: هەڵبژاردنە گشتییەکان لە وادەی یاسایی دیاریکراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.
بزوتنەوەی گۆران
2017-08-12