دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار گەشتیار لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە دێنە #هەرێمی کوردستان#، دەشڵێت دەبێت حکومەتی هەرێم وا بکات سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشێت بۆ ئەوەی زیاتر لە شوێنە گەشتیارییەکان بمێننەوە.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە ئێستادا ڕۆژانە 90 کۆمپانیا لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە گەشتیار دەهێنن بۆ هەرێمی کوردستان.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد لەم وەرزی گەرمایەدا ڕۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار گەشتیار لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم دەکەن، ئەوەش بەراورد بە ساڵی پار ڕێژەکە زیادی کردووە کە کەمتر بوو لە پێنج هەزار گەشتیار.
بەرپرسەکەی دەستەی گەشتوگوزار ئەوەشی خستەڕوو پێویستە حکومەتی هەرێم بایەخی زیاتر بە ناوچە گەشتیارییەکان بدات بۆ ئەوەی ببێتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران تاوەکو زیاتر لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە هەرچەندە ڕۆژەکانی مانەوەی گەشتیاران زیاتر بێت داهاتیش زیاتر دەبێت.
نادر ڕۆستی، ڕوونیشیکردەوە، ئەنجامدانی کۆنفڕانس و وۆرکشۆپەکان لە ڕابردوودا کاریگەریی باشیان هەبووە بۆ ئاشناکردنی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم بە کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە عێراق و هەندێ وڵاتی تر، هەر بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم ڕوو لە زیادبوون بکات.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 14-08-2017