رێکخەری کاروباری مرۆیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە #عێراق# ئاشکرای دەکات لەگەڵ دەستپێکی شەڕی داعش سەدان هەزار کەس عێراقیان جێهێشتووە و دەڵێ، حکومەت و خەڵکی #هەرێمی کوردستان# بەخشندەییەکی گەورەیان پێشاندا لە میوانداریکردنی ئەو هەموو خەڵکە و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین.
لیزا گراندی، ڕێکخەری کاروباری مرۆیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی ڕووداو، لەبارەی ڕەوشی مرۆیی ئاوارەکانی عێراق و ئامانجی ئەو سەردانەیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕایگەیاند: ئامانجی سەردانەکەم بۆ ئەوەیە بزانم چ پێشکەوتنێک بەدەستهاتووە، بە تایبەت دوای ئەوەی خەڵکێکی زۆر بەهۆی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی #موسڵ# لە ناوچەکانیان هەڵاتن.
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ڕەوشی مرۆیی لە عێراق، لیزا گراندی، دەڵێت: گواستنەوەی خەڵکی موسڵ لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە، گواستنەوەی گەورەترین شەپۆلی خەڵکی بووە لە مێژووی مۆدێرندا، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆن زیاتر لە 900 هەزار کەس بە شێوەیەکی سەلامەت توانیان لە موسڵ دەربچن و بگوازرێنەوە بۆ شوێنە سەلامەتەکان، ئەوانیش پێویستیان بە یارمەتییەکی زۆر هەبوو، لەو ڕووەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یارمەتیدەرێکی باش بوون.
رێکخەری کاروباری مرۆیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، دەشڵێت: ئامانجی سەرەکی ئێستای ئێمە یارمەتیدانی ئەو خەڵکەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانیش سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بە کۆی گشتی ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق، لیزا گراندی، گوتی: لەوکاتەوەی داعش دروستبووە، دەتوانین بڵێین ملیۆنەها کەس عێراقیان جێهێشتووە، نزیکەی 2 ملیۆنیش گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، ئێستاش 3 ملیۆن و 300 هەزار کەس هەن ئاوارەن، ئەوان پێویستیان بەوە هەیە بە شێوەیەکی باش یارمەتیان بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، لەوبارەیەوەش دەبێت حکومەتی عێراق ڕۆڵی ئەرێنی ببینێت، ئێمەش بەڵێن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەدەین بە هەموو شێوەیەک یارمەتیدەر دەبین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ناوچەکانیان.
لیزا گراندی، گوتیشی: حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەخشندەییەکی گەورەیان پێشاندا لە میوانداریکردنی ئەو هەموو خەڵکەو یارمەتیدانیان، ئێمە وەکو ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، ئەمە شتێکە لە سەرانسەری جیهاندا دەنگیداوەتەوە و بە هەموو شێوەیەکیش پاڵپشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆی شەڕەوە، لیزا گراندی، ئاماژە بەوە دەدات، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا سەردانی شارۆچەکی شنگالی کردووە و دەڵێ: بۆم ڕوونبووەوە کە دەبێت کارێکی زۆر بکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت پرۆژەکان لەوێ دەستپێبکەن و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی بۆ دەستەبەر بکرێت، ئەمەش ئەرکێکی گەورەیە و لەسەر ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکان و حکومەتەکانە، شنگال ئاوەدانبکەنەوە.
رێکخەری کاروباری مرۆیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، ئاماژە بەوەش دەدات شنگال یەکێکە لەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی کاولکارییەکی گەورە بووەتەوە، پێویستە یارمەتییەکی زۆری خەڵک بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ئاو و ڕێگەوبانیان بۆ دابین بکرێت.
سەبارەت بە کارکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر کەیسی بە جینۆساید ناسانی کوردانی #ئێزد#ی، لیزا گراندی گوتی: بە جینۆساید ناساندنی تاوانێک، پێویستی بە ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە، پێموایە لەوبارەیەوەش بەڵگەی تەواو هەن، دەبێت ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم بەڵگانە لەبەرچاو بگرێت.[1]
ماڵپەڕی ڕوودوا: 14-08-2017