بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی #هەڵەبجە# بە هۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و خواردنی ناتەندروستەوە، لەماوەی کەمتر لە پێنج ڕۆژدا 200 هاوڵاتی توشی سکچون و ڕشانەوە بوون.
سنور حامید، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێکە حاڵەتەکانی سکچون و ڕشانەوە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز تۆماردەکرێن، بەجۆرێک لەماوەی کەمتر لە پێنج ڕۆژدا 200 هاوڵاتی هەڵەبجە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن کە توشی سکچون و ڕشانەوە بوون، لەو ژمارەیەش 160 نەخۆشیان چارەسەریان پێدراوە، لەئێستاشدا 40 نەخۆشیان هێشتا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری توشبونی هاوڵاتیان بەو ڕێژە زۆرە چەند هۆکارێکی هەیە کە گرنگترینیان بریتین لە بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، هەروەها ژمارەیەک لە توشبوانیش لە دەرەوە لە چێشتخانەکاندا بەهۆی خواردنی ناتەندروستەوە توشی هەمان نەخۆشی بوون.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی وت تائێستاش ئەو حاڵەتە بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە بە دەیان نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەکەن، هاوکات بۆ دڵنیابوونەوە لە پاکی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە هەر ئەمڕۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی UNHCR و سەردانی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجەمان کرد و دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت کە ئاوەکە هیچ کێشەیەکی تەندروستی نییە و بڕی پێویست کلۆری بۆ دابینکراوە.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 14-08-2017