ماوەی چەند ساڵێکە پرۆژەی شاری پیشەسازیی #عەربەت# – #سلێمانی# ڕاگیراوە، کە بەیەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانی بەرهەمهێنان دادەنرێت و دەیان کارگەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، بەگووتەی بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، دۆسیەی پرۆژەکە دراوەتە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی و دەستەی وەبەرهێنان، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ تەواوکردنی نەنراوە.
دواڕۆژ، لەم ڕاپۆرتەدا بە ژمارە زانیاری وورد لەبارەی پڕۆژەکە و ئه و کارگانەی تێیدا جێبەجێ دەکرێت دەخاتەڕوو، کە بە سەرمایەی 3 ملیار دۆلار 69 کارگەی گەورە بنیاد دەنرێت.
پڕۆژەی شاری پیشەسازیی دەکەوێتە نێوان عەربەت _ سلێمانی، لەسەر ڕووبەری 2 هەزار دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، 69 کارگەی گەورە و بچووک لەخۆدەگرێت، شاری پیشەسازیی لەلایەن 6 کۆمپانیای ئێرانی و 2 کۆمپانیای ناوخۆیی کاری تێدا دەکرێت، هاوکات وێستگەیەکی 150 مێگاواتی کارەبا و دەیان یەکەی نیشتەجێبوون و بنکەی گومرگ و ئاگر کوژێنەوەی تێدادروست دەکرێت، کۆی سەرمایەی بەگەڕخراوی پڕۆژەکەش 3 ملیار دۆلارە.
بەرهەمەکانی شارە پیشەسازییەکە:
لە 65%ی خواردەمەنی بەرهەم دەهێنرێت، لە 49%ی کەرەستەی بیناسازی و پێویستییەکانی تری وەک تەکنەلۆجیای تێدا بەرهەمدێت کە پێویستی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، تەنانەت کارگەی دروستکردنی پارچەی ئۆتۆمبێلیش لەخۆدەگرێت، بەپێی زانیارییەکان لەسەر هەر بەرهەمێکی شارە پیشەسازییەکە دەنوسرێت (عێراق_ هەرێمی کوردستان_ سلێمانی).
هۆکاری وەستانی پڕۆژەکە:
سەبارەت بە هۆکاری وەستانی پڕۆژەی شاری پیشەسازی عەربەت – سلێمانی فەرمان غەریب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی یسلێمانی بۆ دواڕۆژ ئاشکرایکرد: پێشتر پڕۆژەکە لای دەستەی وەبەرهێنان بوو، بەڵام کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان هاتنە حکومەتەوە دوو ناوچەیان وەرگرت کە پەیوەندیی بە شاری پیشەسازییەوە هەیە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی لەگەڵ وەبەرهێنان بڕیاریاندا ئەم شاری پیشەسازییە بخرێتە سەر وەزارەتی بازرگانی، لەوکاتەوە سەرجەم دۆسیەکانی پڕۆژەکە ڕادەستی ئەوان کراوە، هاوکات پێمان ڕاگەیاندون کاری لەسەر بکەن، بەڵام هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ کارکردن تێیدا.
لەهەمانکاتدا، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنان ڕەتیانکردەوە هۆکاری ڕاگرتنی پڕۆژەکە پەیوەندی بە وڵاتی ئێرانەوە هەبوبێت.
نزیکەی 5 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت:
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی، ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بکرێت، ژێرخانێکی پیشەسازیی بەهێز بۆ شاری سلێمانی دروست دەبێت و سەرمایەی ناوخۆ ناچێتە دەرەوە، لەهەمانکاتدا زیاتر لە 5 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت، هەروەها پێویستمان بە کاڵای دەرەکی نامێنێت و هیچ ترسێکمان لە داخستنی سنورەکان نابێت.
بەمەبەستی دەستکەوتنی زانیاری زیاتر لەسەر پڕۆژەکە و خستنەڕووی چارەسەری کێشەکانی، دواڕۆژ پەیوەندیی بە یاسین مەحمود گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستانەوە کرد، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، شاری پیشەسازی عەربەت_ سلێمانی پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە و مۆڵەتەکەی بووە بە دوو بەشەوە ئەوانیش کۆمپانیا ئێرانی و ناوخۆییەکانن، پڕۆژەکە خۆی لە نزیکی 69 کارگەی جۆراوجۆردا دەبینێتەوە، بەشێکی لەلایەن هەندێک کۆمپانیاوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کارگەیان تێدا دروست کردووە، لەوانە گروپی کۆمپانیای فاروق گەورەترین کارگەی تێدا جێبەجێ کردووە، هەروەها چەند کۆمپانیایەکی تریش، بەڵام ئەوەی کە جێگەی داخە لەدواین بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێناندا لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ چارەسەریی خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەی شاری پیشەسازیی و چەند کۆبونەوەیەکیش کرا، بەڵام ئەنجامەکەی نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەچەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەکانی یەکلایی دەکرێنەوە:
لەبارەی ڕێژەی جێبەجێکراوی پڕۆژەکە گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان گوتیشی: نزیکەی 10%ی جێبەجێ کراوە، لەساڵی 2014وە کە مۆڵەتی پێدراوە، خزمەتگوزارییەکانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە، چونکە کۆمپانیا بیانییەکان دەڵێن تا زامنی خزمەتگوزارییەکان نەکرێت کارگەکان دروست ناکەن.
یاسین مەحمود ئاشکراشیکرد، لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دەکرێت کێشەکانی شاری پیشەسازی عەربەت_ سلێمانی یەکلایی دەکرێتەوە، بەتەواوکردنی پڕۆژەکە ترس لە داخستنی سنوورەکان نامێنێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی شاری پیشەسازیی زۆر گرنگە، بەڵام حکومەت بایەخی بەم پرۆژەیە نەداوە بەتایبەت لەئێستادا، چونکە ئه و کارگانەی لەم شارە پیشەسازییەدا جێبەجێ دەکرێن، ئەگەر تەواو بکرێن نزیکەی لە60%ی کێشەی بەرهەمە خۆراکییەکان چارەسەر دەکرێت و ترسمان لە داخستنی سنورەکان نامێنێت.
لەبارەی چارەسەری کێشەی خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: شاری پیشەسازیی پەیوەندی بەوانەوە نییە، زەردەشت ڕەفیق، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بۆ ووتی، خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە پەیوەندی بە وەبەرهێنانەوە هەیە، پێویستە ئه و کۆمپانیایانەی کاری تێدا دەکەن جێبەجێ بکەن.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 14-08-2017