بەرپرسی ناوەندی وەرگرتنی خوێندکاران لە وەزارەتی #خوێندنی باڵا#ی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2017-2018)، کەمترین کۆنمرە بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکان 65% و بۆ پەیمانگاکان 60% دەبێت.
ئارام ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتنی خوێندکاران لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم ڕایگەیاند وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵ خوێندن ناتوانێت سەرجەم خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا وەربگرێت، بۆیە بڕیاردراوە کەمترین کۆنمرە بۆ زانکۆکان بریتییە لە 65% و بۆ پەیمانگاکان 60% دەبێت.
وتیشی خوێندکارانی 12ی ئامادەیی دەرچووی خولی یەکەم و دووەم لە 15ی ئاب تاکو 21ی ئەیلولی 2017 دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتن بەشێوەی ڕاستەوخۆی زانکۆیی بۆ 377 بەش لە کۆلیژەکان پێشکەشبکەن، ئەگەر ناوەکانیان لە وەگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی گەڕایەوە ئەوا دەتوانن داواکاری بۆ زانکۆلاین پێشکەش بکەن، بەپێچەوانەوە ئه و مافەیان نامێنێت.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوەشکرد جگە لە وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان، خوێندکارانی دەرچووی پێنج ساڵ پێش ئێستا دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ خوێندنی بەیانیان و ئێوان بەشێوەی پاڕالێل.
لەبارەی دەرچووانی #کەرکووک# و ناوچە ئیدارەکانی دەرەوەی هەرێم، ئارام ئیبراهیم وتی خوێندکارانی کەرکووک و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم مافی پێشکەشکردنی فۆڕمیان هەیە و بەپێی مەرجەکان لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان وەردەگیرێن.
وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی ڕێژەی (30%)ی کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەی بەش یان کۆلێژە دەبێت و ڕێژەی (70%)ی کۆنمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی هەژماردەکرێت، هاوکات کەمترین کۆنمرەی پێشبڕکێ بۆ کۆلێژ (65%) و بۆ پەیمانگە (60%)، لەهەمان کاتدا بۆ بەشەکانی هونەر و وەرزش خوێندکاران بەکۆنمرەی (60%) دەتوانن بچنە پێشبڕکێی وەرگرتن.
تاقیکردنەوە بۆ وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی لە ڕێکەوتی (16-09-2017 تاکو 21-09-2017) لەلایەن لێژنەی زانستی بەشەوە ئەنجام دەدرێت، ئەنجامەکانیش بەشێوەی بەرایی لە ڕێکەوتی (24-09-2017) بڵاودەکرێتەوە و، ماوەی هەفتەیەکیش بۆ تانەلێدان لەئەنجامەکان دانراوە. وتیشی، هەر خوێندکارێک ئەگەر بەسیستمی ڕاستەوخۆی زانکۆیی وەربگیرێت مافی پێشکەشکردنی لەڕێگەی (زانکۆلاین) نابێت.
ساڵی پار بۆ یەکەمجار لە کوردستان گۆڕانکاری لەسیستەمی وەرگرتنی خوێندکاراندا کراو بەشێکی وەرگرتنی خوێندکاران لەسەر بنەمای حەز و خولیا و توانای خوێندکاران بەشێوەی ڕاستەوخۆی زانکۆیی دەبێت و بەشەکانی تر لەڕێگەی پڕکردنەوەی فۆڕم لە زانکۆلاین دەبێت.
بەپێی سیستەمەکە، خوێندکاران لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، بەشی یاسا، بەشەکانی زیندەوەرزانی و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژ و سکوڵەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات بەشێوەی ڕاستەوخۆی زانکۆیی وەرناگیرێن، بەڵکو وەک ساڵانی پێشو لە ڕێگەی (زانکۆلاین) دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتی کارابونی ڕادەگەیەنرێت.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 15-08-2017