وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایدەکات، چەند وانە و پڕۆگرامێکی خوێندن دەکرێنە زمانی ئینگلیزی، لە ئێستاشدا لەوانەکانی بیرکاری و زانستی پۆلەکانی یەک و دوو و سێی بنەڕەتی دەستیانپێکردووە.
ڕۆژی 17ی ئاب لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی #وەزارەتی پەروەردە#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری ڕێکخراوی یونسێف، بۆ خستنەڕووی توێژینەوەیەک لە بارەی ڕەوشی پەرەوەردە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا ڕایگەیاند مەبەستی سازدانی ئەم کۆنفرانسە لەم کات و ساتەدا بۆ ئەوەیە هەموو لایەک بەیەکەوە تەوەر و ناوەڕۆک و جومگەکانی پەروەردەیی و فێرکاری و پیشەیی شرۆڤە بکەین.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی قەیران و خراپی باری دارایی لە هەرێمی کوردستان پێویستە بەهەموو لایەکەوە زیاتر هاوکار و هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە بکەن، بۆ ئەوەی بەربەستەکان ببڕدرێن و دواڕۆژێکی ڕوون بۆ نەوەکان بەرجەستە بکەن.
پشتیوان سادق، ڕوونیشیکردەوە، پرۆگرامەکانی خوێندن بەردەوام و ساڵانە پێویستیان بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و لەچاپدانە بەرێژەی 100% کە نزیکەی (1004) هەزار و چوار بابەتی خوێندنە بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن، ئەم پڕۆسەیەش بودجە و بارێکی قورسی لەسەر بودجەی وەزارەت دروستکردووە.
باسی لەوەشکرد هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان کە ئەوەشیان پڕۆسەیەکی گرنگ و زەحمەتە بەهەمانشێوە بودجە و تێچووی زۆری هەیە، بەتایبەتیش ئەزموونی نیشتیمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و بەکالۆری پۆلی 12ی ئامادەیی.
ناوبراو، ئاماژەشی بەوەکرد، بەردەستکردنی تەکنەلۆژیای زانیاری و هێنانی کۆمپیوتەر و داتاشۆو بۆ قوتابخانە و نێو پۆلی خوێندن و بەستنەوەی تۆڕی ئەلیکترۆنی و پەیوەندیکردن بەردەوامە، بۆ ئەمەش لە 250 قوتابخانە دەستیانکردووە بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا.
هەر لە کۆنفراسەکەدا پشتیوان سادق، ڕاشیگەیاند پێویستمان بە ڕاهێنان و کردنەوەی لقی خوێندنی پێویست و دابینکردنی باڵەخانە و وەرشەی جۆراوجۆری پیشەیی بۆ هەموو پسپۆڕییەکان و پێگەیاندنی کادیری ناوەندی بۆ بەستنەوەی بە بازاڕی کار هەیە.
وەزیری پەروەردە وتیشی جێبەجێکردنی پرۆژەی بەئینگلیزیکردنی هەردوو بابەتی خوێندنی بیرکاری و زانستە گشتییەکان لە باخچەی ساوایان و قۆناغی بنەڕەتی کە ساڵی 2015-2016 لەپۆلی یەکەمی بنەڕەتی بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا و ساڵی داهاتووی خوێندنیش لەپۆلی سێیەم جێبەجێ دەکرێت و بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت، تا تەواوکردنی هەرسێ بازنەی خوێندنی بنەڕەتی و دواتریش قۆناغی ئامادەیی دەگرێتەوە.
ناوبراو، له و بارەیەوە زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەکرد، دەیانەوێت چەند وانەیەک بکەنە ئینگلیزی، بەڵام بۆ ئەمە پێویستیان بە یاسا و ڕێنمایی نوێ هەیە لە پەرلەمان.
وەزیری پەروەردە، ئاشکراشیکرد، سێ کۆمەڵگەی خوێندنی پیشەیی دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێژەی خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان لە 3% بکەنە 30% و دەستیشیانکردووە بە پڕۆژەیەک بۆ ئەوەی تا ساڵی 2023 منداڵان لە تەمەنی 5 ساڵییەوە بنێردرێنە قوتابخانە.
پشتیوان سادق، جەختیشی لەسەر باشترکردنی ڕەوشی مامۆستایان کردەوە و داوای لەسەرۆکی حکومەت کرد لەدوای دابینکردنی پارەی هاندانی مامۆستایان لەگەڵ زیادبوونی داهات، دەستبکرێت بە چاککردنی گوزەرانی مامۆستایان.[1]
18-08-2017