دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
بەرپرسی ڕاگەیاندنی #دەزگای گشتی کاروباری مین# لەهەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە پاش ڕاپەڕینەوە تائێستا 14 هەزار و پێنج سەد کەس بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی.
تالیب خالید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە ساڵی 1991ەوە تائێستا واتە لە ماوەی 26 ساڵی ڕابردوودا، بە پێی ئەو ئامارانەی کە لای ئێمە وەکو دەزگای مین تۆمارکراون 14هەزار و پێنج سەد کەس بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی و لە نێویاندا زۆرینەیان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی تریش بریندار و کەمئەندام بوون.
ڕونیشیکردەوە، ژمارەی قوربانییەکانی مین و تەقەمەنی لەهەرێمی کوردستان لەو ڕێژەیە زیاترە کە ئێمە لای خۆمان تۆمارمانکردون، چونکە مەرج نیە هەموو قوربانییەکان لای ئێمە تۆمارکرابن.
وتیشی زۆربەی قوربانییەکان لە ناوچە شاخاویی و سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی لە هەموو تەمەن و هەردوو ڕەگەزیان تیادایە.[1]
18-08-2017