ڕۆژنیوز، هاوڕێ کرێکار
بەشێک لە ژنانی گەرمیان پێیان وایە، زهنیەتی پیاوسالارانە و سزانەدانی بکوژانی ژن، هۆکاری زیادبوونی کوشتنی ژنانە و ژنێکیش پێیوایە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دژی ژنان، دەبێت، هەردوو ڕەگەز ئاشنا بە مافەکانی ژنان بکرێت.
ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان مانگ بە مانگ زیاتر دەبێت.
ئەسما عەزیز، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی #کەلار#ە و ئاماژەی بە هەندیک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان کرد و بە ڕۆژنیوزی وت: نەبوونی ڕۆشنبیریی لە کۆمەڵگادا و ناهۆشیاریی پیاو و زهنیەتی پیاوسالارانە و تێڕوانینیان بۆ ژن لە ڕێگای شەرەفەوە هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی کوشتنی ژنانە لە هەرێمی کوردستان.
ئەسما عەزیز، وتیشی: سزانەدانی بکوژانی ژن، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی کوشتنی ژنانە.
خەیاڵ ئەحمەد، ژنێکی دانیشتووی هەمان شارۆچکەکەیە و سەبارەت بە هەمان بابەت ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی فکرێکی مەترسیدار کرد لە کۆمەڵگای کوردیدا و بە ڕۆژنیوزی وت: لە کۆمەڵگای ئێمەدا سەرەڕای کوشتنی ژن، ژنەکە خۆی تاوانبار دەکرێت و ڕەوایەتیی بە کوشتنەکەی دەدرێت.
خەیاڵ، پێیوایە، کە بێدەنگیی ڕێکخراوەکانی ژنان هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی کوشتنی ژنانە و هۆکاری بێدەنگییەکەشی بۆ کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن حزبەکانەوە گەڕاندەوە.
ژینۆ عەلی، ژنێکی دانیشتوی شارەدێی ڕزگارییە لە گەرمیان و لە بارەی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان تەنیا ئاماژەی بە خاڵیک کرد و بە ڕۆژنیوزی وت: پێویستە حکومەتی هەرێم کار بۆ ئەوە بکات، سیمینار و وۆرک شۆپی جیاجیا بۆ هەردوو ڕەگەز ڕێکبخات لە شوێنەگشتییەکان و ناوەندەکانی خوێندن، بۆ ئەوەی هەردوو ڕەگەز پێکەوە لە مافەکانی ژنان هۆشیار بکرێنەوە.
بەپێی ئامارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، تەنیا لەماوەی مانگیکدا، لە 2/تەموز هەتا 2/ئاب-ی ئەمساڵ، پێنج ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە، ژنێک بریندارکراوە و ژنێک-یش خۆی سوتاندووە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئاماری مانگی پێشووتری دەستەکە، واتا لە 2/حوزەیران هەتا 2/تەموز، سێ حاڵەتی کوشتنی ژنان و یەک حاڵەتی خۆ کوشتنی ژن(خۆخنکاندن)تۆمارکراوە، ئەگەریش بەراوردی هەردوو ئامارەکە بکەین دەردەکەوێت تدوتیژییەکانی دژ بە ژنان زیادیکردووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەش، کە ڕۆژانە لە میدیاکان-دا بڵاودەبنەوە، ژمارەی کوشتنی ژنان زیاترە لەوەی، کە لە ئامارەکانی دەستەکەدا هاتووە.
20-08-2017