رێکخراوێکی لۆکاڵی کە کار لەسەر نەهێشتنی #خەتەنە#کردنی مێیینە دەکات، دەڵێت مامانی وا هەیە تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کچی خەتەنە کردووە، هەروەها دەڵێت لەو ماوەیەدا توانیویانە قەناعەت بە 35 مامان بهێنن کە دەستبەرداری خەتەنەکردن ببن، بەڵام مامانی وا هەیە هێشتا کچان خەتەنە دەکات.
#ڕێکخراوی ئەلەند# کە ڕێکخراوێکی لۆکاڵییە، بە هاوکاریی کونسولخانەی هۆڵەندا لە کوردستان، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ هەڵمەتێکی لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێیینە ڕاگەیاند، لەو هەڵمەتەدا قسە لەگەڵ 4000 ئافرەت لە 200 گوندی سنووری پارێزگای هەولێر کراوە کە سەرجەمیان خەتەنە کراون. یەکێک لە ڕاهێنەرانی پرۆژەکەش دەڵێت خەتەنەکردن هێشتا بەردەوامە.
کوردستان ڕەسوڵ، ڕێکخەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی ئەلەند لە هەولێر بە (رووداو)ی گوت: سەردانی 200 ناحیە و گوندی سنووری پارێزگای هەولێرمان کرد. 4000 ئافرەتی خەتەنەکراو و 200 مەلا و 200 موختارمان بینیوە، باسی خەتەنەکردنی مێیینەمان لەڕووی ئایینی، تەندروستی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ کردوون. یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیمان بۆ باسکردوون کە خەتەنەکردنی مێیینەی قەدەغە کردووە.
لە 4 بۆ 8 ساڵیدا خەتەنەکراون
لەو ڕووپێوەدا، وەکو کوردستان ڕەسوڵ باسی دەکات ئەو ئافرەتانەی قسەیان لەگەڵ کراوە، لە تەمەنی 4 تاوەکوو 8 ساڵیدا خەتەنە کراون کە بەپێی لێکۆڵینەوەی زانستی، منداڵ لەو تەمەنەدا 90% بۆ 95%ی پێکهاتەکانی جەستەی دادەمەزرێت. ئەوانیش لەو تەمەنەدا بە مووس لەژێر ترسێکی زۆردا خەتەنەکراون، بۆیە هەموویان لە ترسێکی بەردەوامدان و تەنانەت لە ناوی خەتەنە دەسڵەمێنەوە و دەتۆقێن، چونکە کاریگەریی دەروونی زۆر زۆری لەسەریان هەبووە.
خەتەنە هۆکارە بۆ جیابوونەوە
رێکخەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی ئەلەند لە هەولێر پێیوایە هۆکاری زۆربوونی جیابوونەوەی هاوژینەکان بەشێکی پەیوەندی بە خەتەنەکردنی مێیینەوە هەیە و دەڵێت: بەشێکی زۆری هۆکاری جیابوونەوە بۆ خەتەنەکردنی ژنان دەگەڕێتەوە، چونکە خەتەنەکردن توانای سێکسی ئافرەت لاواز دەکات.
دەشڵێت ئەگەرچی ئامارێکی فەرمیم لەلا نییە، بەڵام ئەو کەیسانەی بینیومە، نزیکەی 70%ی هۆکارەکەی خەتەنەکردنی کچانە.
عەرەب وازی لێهێنا و کورد بەردەوامە
بە گوتەی کوردستان ڕەسوڵ، بەشێکی زۆری پیاوان لە کەرکووک و مەخموور و شوێنەکانی دیکە، ژنی دووەم دەهێنن کە زۆربەیان عەرەبن. کوردستان لەو پیاوانەی پرسیوە: ئایا هاوژینەکەی خۆت کێشەی ماڵداری و خراپیی هەڵسوکەوتی هەیە؟ دەڵێن نا، هۆکاری دیکە هەیە کە ناتوانین بیڵێین، مەبەستیان کێشەی ساردوسڕیی سێکسە. کوردستان دەڵێت بۆیە پەنا دەبەنە بەر هێنانی ژنی عەرەب، چونکە عەرەب خەتەنە ناکرێن و وازیان لێهێناوە، بەڵام کورد بەردەوامە لەسەری، لەکاتێکدا سەرەتا عەرەب خەتەنەکردنی کچانی هێنایە ناو کوردەوە، تەنانەت لە 49 وڵاتی ئیسلامی بە سعودیەشەوە خەتەنەکردنی کچان نییە.
سەبارەت بەو کەسانەی لە پشت خەتەنەکردنی کچانەوەن، کوردستان دەڵێت: بڕیاری خەتەنەکردنی کچەکان بەشێکی کەمی لەلایەن پیاوانەوە دەدرێت، زۆربەیان بە بڕیاری ژنە بەتەمەنەکان و دایکی کچەکان خەتەنە دەکرێن کە هەندێکیان بەهۆکاری ئاینی و هەندێکیشیان لەبەر نەریت دەیکەن. هەندێکیان دەڵێن ئەگەر کچەکانیان خەتەنە نەکرێن ئارەزووباز دەردەچن، لە داهاتوودا ئابڕووی خێزانەکانیان دەبەن، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئەوە ئەسڵی نییە.
کوردستان دەڵێت ئافرەت هەبووە دوو جار خەتەنەکراوە چونکە مامانەکە بەسەقەتی خەتەنەی کردووە. دوایی کێشەی تەندوستی بۆ دروست بووە و تووشی نەخۆشی لە ڕەحم یان نەزۆکی بووە، بۆیە هاوژینەکەی ژنی بەسەرهێناوە، یان لێی جیابووەتەوە.
خەتەنەکردنی کچان بەردەوامە
سەرەڕای دانانی سزا بۆ خەتەنەکاران و ئەوانەی هاندەری خەتەنەکردنی کچانن، بەڵام هێشتا خەتەنەی کچان بەردەوامە. کوردستان گوتی ئەگەرچی بەیاسا خەتەنەکردن قەدەغەکراوە، بەڵام هێشتا خەتەنەکردنی کچان هەر هەیە. لە چەند گوندێک هەر ماوە کە من بەدواداچوونی بۆ دەکەم، تەنانەت نزیکەی مانگێک لەمەوبەر خەتەنەی کچان لە چەند گوندێک کراوە.
مامانێک 4000 کچی خەتەنە کردووە
خەتەنەکردنی کچان لەلایەن مامانەکانەوە دەکرێ، بە تایبەتی ئەو مامانانەی بەشێوەی ئەکادیمی نەیانخوێندووە، بۆیە کچانی خەتەنەکراو هەمیشە مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە.
کوردستان ڕەسوڵ دەڵێت لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا قسەیان لەگەڵ چەندین مامان کردووە و ئەو ژمارانەی لەبارەی خەتەنەوە لەو مامانانەیان بیستووە تووشی سەرسوڕمانی کردوون.
لەوبارەوە دەڵێت: ئەو مامانانەی قسەم لەگەڵ کردوون، سەدان و هەزاران منداڵیان خەتەنە کردووە، یەکێک لەوانە 700 منداڵ و یەکێکی دیکە 3000 و مامانێکیش گوتی تاوەکوو ئێستا 4000 کچم خەتەنە کردووە.
مامانەکان واز دەهێنن
ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکە وەک کوردستان باسی کرد، هۆشیارکردنەوەی مامانەکان بووە، تاوەکوو دەستبەرداری خەتەنەکردنی کچان ببن. ئەو پێیوایە هەوڵەکانیان ئەنجامی باشی هەبووە.
لەماوەی ئەو پێنج مانگەدا توانیمان قەناعەت بە 35 مامان بهێنین کە دەستبەرداری خەتەنەکردن ببن، بەڵام مامانیش هەیە وازی نەهێناوە، بۆیە منیش وازم لێنەهێناوە و چەند جارێک چوومەتەوە لای و مەترسییەکانم بۆ ڕوونکردووەتەوە، یان مامۆستای ئاینیم بردووەتە لای تاوەکوو بۆی ڕوون بکاتەوە کە خەتەنەکردنی کچان هەڵەیە و لە ئایینی ئیسلامدا نییە، ئینجا وازیان هێناوە، بەشێکیشیان لە ترسی یاسا وازیان لە کاری مامانی هێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی خەتەنەکردن زۆر کەم ببێتەوە، بەڵام بنەبڕ نەکراوە و هەر هەیە.
بە گوتەی کوردستان ڕەسوڵ، ئەگەرچی جاران بەئاشکرا و تەنانەت بەبەرچاوی خەڵکیشەوە لەسەر کانی و بن دار و ناو ڕووبارەکان کچان خەتەنە دەکران، بەڵام ئێستا مامانەکان بە نهێنی و بەبڕی 5 هەزار دینار خەتەنەی کچان دەکەن.
سزای خەتەنەکار چییە؟
پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2011دا یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی دەرکرد، بەپێی ماددەی دووی ئەو یاسایە، خەتەنەکردنی مێیینە بە توندوتیژی هەژمار کراوە. سزاکەشی لە ماددە شەشی یاساکەدا ئاماژەی پێدراوە کە دەڵێت:
یەکەم: هەر کەسێک هانی خەتەنەکردنی مێیینە بدات، سزا دەدرێت بە غەرامەکردن کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێ و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ.
دووەم: هەر کەسێک مێیینەیەک خەتەنە بکات، یان بەشداری تێدا بکات، سزا دەدرێت بە بەندکردن کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێ و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێ. هەروەها غەرامەش دەکرێ بە بڕە پارەیەک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێ و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێ. یان بە یەکێک لەو دوو سزایە.
سێیەم: هەر کەسێک خەتەنەی مێیینەی ناکامی کرد، سزا دەدرێت بە بەندکردن لە یەک ساڵ کەمتر نەبێ و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێ. هەروەها غەرامەش دەکرێ بە بڕە پارەیەک لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێ و لە 10 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ. یان بە یەکێک لەو دوو سزایە.
چوارەم: باری تاوانبار قورستر دەبێ ئەگەر بکەرەکە پزیشک بوو، یان دەرمانساز بوو، یان کیمیایی بوو، یان مامان بوو، یان یاریدەدەرەکانیان بوون. هەروەها بۆ ماوەی سێ ساڵ لە پیشەکەی دووردەخرێتەوە.[1]
20-08-2017