بەهۆی بڕیاری ئەنجامدانی #ڕیفراندۆم# هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەل لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بازرگانانەوه زیادیکردووە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دوو مانگی ڕابردووەوە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەجۆرێک ڕۆژانە هاتنی خۆراک و کەلوپەل لەهەر دەروازەیەک بە هەزاران تەن زیادیکردووە، چونکە خواستی خەڵک لەسەریان زیادیکردووە.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی، ئەوەشی خستەروو، بەهۆی ئازادکردنەوەی شاری موسڵ و دەوروبەری و هاتنە پێشەوەی پڕۆسەی ڕیفراندۆم، پێویستی و خواست زیاتر بووە لەسەر خۆراک و خواردەمەنی و کەلوپەلی هاوردەکراو، لە دوو مانگی ڕابردووش بە ڕێژەی 10% بۆ 20% هاوردەکردن لە دەروازی سنووری و فڕۆکەخانەکانەوە زیادیکردووە.
ئاماژەشی بەوەکرد، ئه و زیادبوونە لە هاوردەکردن کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ڕەواندنەوەی گومانەکانی هاوڵاتیان لەسەر دورستبوونی هەر جۆرە تەنگژەیەکی خۆراک و کەلوپەل، جگە لەوەش هۆکارێکە بۆ زیادبوونی داهاتی ناوخۆ.
نەوزاد ئەدهەم وتیشی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا ئەوەندە گەورەن، کە بڕەکەی بەدەیان میار دۆلار دەخەمڵێندرێ ساڵانە، بۆیە ئەستەمە ئەوان دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هیچ هەنگاوێک بگرنەبەر بۆ داخستنی سنوورەکانیان لەگەڵ هەرێم.[1]
20-08-2017