منداڵێکی ئێزیدی بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە کە چۆن چەتەکانی #داعش# لە کاتی داگیرکردنی #شەنگال# ڕفاندیان، چۆن ناچاریان کرد واز لە ئاینەکەی خۆی بهێنێت و هزری چەتەکانی داعشیان لە مێشکیدا چاندووە، هاوکات باس لە ڕەفتاری چەتەکانی داعش دەکات لەگەڵ منداڵاندا.
سەڵاح حەسەن ڕەشۆ، یەکێکە لەو منداڵانەی کە بووە قوربانیی پیلانگێڕییەکەی شەنگال لە 3ی ئابی 2014، کە بووە هۆی ئەوەی شەنگال بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی داعش، ئەویش دوای ئەوە هات کە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبێ هیچ بەرگرییەک لە خەڵکەکەی، شەنگالیان چۆڵ کرد، لە ئەنجامدا 5 هەزار کەس کوژران و ڕفێندران.
سەڵاح ئێستاکە تەمەنی 14 ساڵە، پێش فەرمانەکە یەکێک بوو ئەندامانی خێزانێکی 4 کەسیی، کە لە دایک و باوک و دوو کوڕی دیکە پێکهاتبوو، خەڵکی شارەدێی خانەسۆرە کە دەکەوێتە دووری 25 کیلۆمەتر لە باکوری شارۆچکەی شەنگال.
لە ڕۆژی کۆمەڵکوژییەکەی شەنگالدا، چەتەکانی داعش سەڵاح و خێزانەکەیان بەرەو موسڵ ڕفاند، کە دواتر بووە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی چەتەکانی داعش.
یەکەم قسەی سەڵاح: پێشمەرگە ئێمەیان فرۆشت.. بەبێ بەرگریی هەڵاتن و نازانین بۆ!
لەگەڵ ئەوەی کە تەمەنی سەڵاح هێشتا 11 ساڵی تەواو نەکردبوو کە لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندرا، ئێستاش لەبیرییەتی کە پێشمەرگە پێش ئەوان دەرچوون، بە شێوەیەک کە دەڵێت:پێشمەرگە ئێمەیان فرۆشت و لە شەنگال دەرچوون، نازانم بۆ ئێمەیان فرۆشت ئەو کاتە؟! لەگەڵ هاتنەناوەوەی داعش دەستیان بە سەربڕینی خەڵک کرد لەسەر شەقامەکانی شەنگال، ژن و منداڵەکانیشیان ڕفاندن.
سەڵاح دەشڵێت:خەڵکی شەنگال هەمووی بەرەو چیای شەنگال کەوتەڕێ، بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرشی چەتەکان بپارێزن، بەڵام دوای سێ ڕۆژ بەهۆی نەبوونی ئاو و نان، ناچاربوون بگەڕێنەوە ناو شار و نان و ئاو بۆ خۆیان دابین بکەن، خێزانی سەڵاحیش لەگەڵ چەندین کەسی دیکە گەڕانەوە ناوشار، لەگەڵ ئەوەی ئاڵای سپیشیان هەڵکردبوو، بەڵام لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دەستگیر کران، بۆ تەلەعفەر بران.
ساڵێکی تەواو لەناو خوێنندگایەک مانەوە... بۆ داماڵین لە ئێزدیبوون
دوای ڕفاندنیان، چەتەکانی داعش ژن و منداڵ و پیاوەکانیان لەیەکتری جیا کردەوە، دەستیان بە سەپاندنی ڕێنماییەکانی خۆیان کرد بەسەر بەدیلگیراوەکاندا.
لە یەکێک لە خوێندنگاکانی موسڵ، دەبوایە سەڵاح ملکەچی خولێکی ڕاهێنان بێت کە چەتەکانیان ناویان نابوو (خولی شەرعی)، سەڵاح لەگەڵ 300 منداڵی دیکە لەو خولە بەشداریان پێکرا.
لەو خولەدا چەتەکانی داعش هەوڵیانداوە فکر و سیاسەتە گڵاوەکانیان بخەنە مێشکی ئەو منداڵانە کە هیچ کامیان تەمەنیان نەگەیشتبووە 18 ساڵ.
ئێزیدی و کورد و هێزەکنی پاراستنی گەل کافر و موشریکن، ئەو وشانە بوون کە لە زمانی چەتەکانی داعشەوە زۆر بیسترابوون لەو خولە کە ئەو منداڵانە لە ماوەی یەک ساڵدا بەناچاری بەشدار ببوون.
سەڵام باس لەوە دەکات کە ئەگەر کەمێک لاملیان نیشاندابایە بۆ بڕیارەکانی چەتەکانی داعش، ڕووبەڕووی لێدان دەبوونەوە، هەندێک جار لەو کاتانەی کە منداڵەکان دەکەوتنە ژێر گوشاری دەروونی یان داوای بینینی خێزانەکانیان کردبایە، بەشێک لە داعشەکان خواردنیان دەدایە منداڵەکان بۆ ڕازیکردنیان.
پێش تەواوبوونی ئەو خولە، چەتەکانی داعش سەڵاح و منداڵەکانی دیکەیان ناچار کردووە بۆ باوەڕهێنان بە ئیسلام و هێنانی شەهادەی بەزۆر، ئەوەش دوای بانگەشەیەکی زۆر بۆ ئیسلام و سوکایەتیپێکردنێکی زۆری ئاینی ئێزیدی.
قۆناغی دووەم بەسەربازگرتنی منداڵەکان بوو
دوای ئەوەی کە سەڵاح ناچار کرا بەوەی (خولی شەرعی) تەواو بکات، چەتەکانی داعش ئەو منداڵانەیان گواستەوە بۆ شاری ڕەقە کە پەناگەی بنەڕەتی داعش بوو.
سەڵاح وتیشی، لە ڕەقە بۆ ماوەی سێ مانگ لە یەکێک لە میوانخانەکان ماینەوە کە بۆ چەتە داعشە تازەکان دانرابوو، دواتر گوازرانەوە بۆ سەربازگەکان بۆ ڕاهێنانی سەربازی.
سەڵاح ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ ڕاهێنانی سەربازی بردیانن بۆ بنکە سەربازییەکانی حومس و حەما، لەوێ بۆ ماوەی سێ مانگ ڕاهێنانیان پێکراوە لەسەر چەکی سووک و مامناوەندی وەکو (کلاشینکۆف، بی کەی سی، ئار پی جی).
دوای ئەوە، وەکو چەتەیەکی داعش، سەڵاح لەگەڵ چەند چەتەیەکی دیکە ڕەوانەی شارەدێی مەنسورە دەکرێت کە دەکەوێتە دووری 25 کم لە ڕۆژئاوای شاری ڕەقە، سەڵاح ئاماژە بەوەش دەکات کە لەوێوە فەرمانیان بۆ دەهات کە شەڕ بکەن.
سەڵاح بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە لە دژی هێزەکانی ڕژێمی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە ساڵی 2016، لە گوندەکانی دەوروبەری حومس و حەما لە دژی هێزەکانی ڕژێمی سوریا، لە ڕەقەش دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
بیری خێزانەکەی کردووە
سەڵاح لەبارەی خێزانەکەیەوە دەڵێت:نازانم باوک دوو براکەم چیان بەسەر هاتووە، یەکێک لە براکانم لەمن گەورەتر بوو، یەکێکیشیان لەمن بچوکتر بوو، ئێستاش نازانم لە کوێن؟ ماون یان چەتەکانی داعش کوشتونی، هیچ زانیارییەکم لەبارەیانەوە نییە.
سەڵاحی چواردەساڵ، بەهیوایە کە ئەندامانی خێزانەکەی زیندوو بن، دوای سێ ساڵی ماندووبوون و ناخۆشی و جودایی، پێیان شاد بێتەوە.
هێزەکانی سوریا دیموکرات، لە 9ی ئەم مانگە سەڵاحیان ڕزگار کرد و دەیانەوێت بیگەڕێننەوە شەنگال بە مەبەستی دۆزینەوەی خێزانەکەی جارێکی دیکە بتوانن پێکەوە بژین.[1]