بازاڕی خانوبەرە لەداکشانێکی بەردەوامدایە، پیاوێک ئاماژە بەوە دەکات کە حەوت مانگە خانوەکەی داناوە بۆ فرۆشتن و لافیتەشی پێکردوە، کەچی کەس لێیناپۆسێت، خاوەن نوسینگەیەکی خانوبەرەش دەڵێت “بازاڕی شوقه و خانوبەرە وێرانە”
ئا: ڕێژوان جەزا
شێخ عەلیو کە خاوەن نوسینگەیەکی خانووبەرەیە لەناو شاری #سلێمانی# و زیاتر لە 17 ساڵە کاری کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەکات، سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەکەوتنی بازاڕی زەوی و خانوبەرە دەردەبڕێت، ئەو وتی “ماوەی دو بۆ سێ ساڵ دەچێت بازاڕی خانوبەرە لەهەرێمی کورستاندا ڕو لەکزبون و داڕمانە، بەهۆی نەبوونی موچەو قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و ئێستاش ڕیفراندۆمی هاتوەتەسەر”.
ئه و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم داکشانە بەشێوەیەکی گشتی هەموو شوێنێکی کوردستانی گرتۆتەوە نەوەک تەنها ناوچەیەکی دیاریکراو یاخود شارێک بەتەنها، ئه و وتی “نرخی خانووپارچە زەوی و شوقە لەناو شاردا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەراورد بەسێ ساڵ لەمەوبەر نرخ بەڕێژەی لە 40% بۆ 50% دابەزیوە،، بۆ نمونە ئەگەر خانوویەک جاران نرخی 10 دەفتەر دۆلار بوایە ئەوا ئێستا نرخی دابەزیوە بۆ کەمتر لە شەش دەفتەر دۆلار و پێنج دەفتەر دۆلار”.
وتیشی “لە دوای ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆم و دیاریکردنی ڕۆژەکەی تەواو کڕین وەستاوە، بۆ ماوەی زیاتر لەسێ مانگ دەچێت تەنانەت یەک خانوشم لەنوسینگەکەمدا نەفرۆشتووە، کڕیار هەبوە کە خانوی کڕیوە بەڵام دوای چەند ڕۆژێک پەشیمان بۆتەوەو گرێبەستەکەی هەڵوەشاندۆتەوە”.
ئه و باس لەوە دەکات کە ڕێژەی فرۆشتنی خانو لەم کاتەدا زۆر زۆر زیاترە لەکڕینی خانو، بگرە کڕین هەر نەماوە، ئه و وتی “کەسێک خانویەک بفرۆشێت وەک ئەوە وایە دەسکەوتێکی گەورەی بەدەستهێنابێت، بەڵام چەند ساڵێک لەمەوبەر و پێش ئەم ڕووداوانە خانو هەبوە لەماوەی یەک حەفتەدا چەند دەستێکی کردوە، دەکڕاو دەفرۆشرایەوە، بە بێ هیچ زەرەرو زیانێک”.
وتیشی “ئێستا زۆر کەس دەیانەوێت خانوەکانیان یان پارچە زەویەکانیان بفرۆشن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆربەی هاوڵاتیان متمانەیان بەباشبوونی بارودۆخەکە نەماوه و هیوایان بەئایندەش نییە”.
ناوبراو ئەوەش ڕوندەکاتەوە کە خەریکە پاش گەڕاندنەوەی ئاوارەعەرەبەکان خانوی چۆڵیش بۆ کرێ زۆر دەبێت، تەنانەت خواست بۆ بەکرێگرتنی خانوش کەم دەبێتەوە و نرخی کرێی خانووش بەشێوەیەکی بەر چاو دابەزیوە.
ئێستا لەبەشێکی زۆری کۆڵان و گەڕەک و شەقامی شارەکانی کوردستاندا، ئەوەی سەرنجت ڕادەکێشێت هەڵواسینی لافیتەیە بۆ فرۆشتنی خانوو دوکان، لەسەر ڕێگاکانی دەرەوەی شارەکانیش ڕیکلام بۆ فرۆشتنی باخ و زەوی بەدۆنم دەکرێت.
جەزا محەمەد کە پیشەی پێشمەرگەیە، ئاماژە بەوە دەکات ماوەی ساڵێکە دەیەوێت خانووەکەی بفرۆشێت، بەڵام کڕیارێکی دەستناکەوێت، ئه و وتی “بۆ ماوەی زیاتر لەیەک ساڵ و نیو دەچێت خانوەکەم لەچەند نوسینگەیەک داناوە بۆ فرۆشتن، لافیتەیەکیشم کردوە بەدیواری ماڵەکەمەوە و ژمارەی مۆبایلەکەمی لەسەرە، کە چی تا ئێستا نەمفرۆشتووەو هەر چاوەڕێی فرۆشتنیم، لەم ماوەی ئەم یەک ساڵ و نیوەدا تەنها دو هاوڵاتی پەیوەندیان پێوە کردوم بۆ پرسیار کردنی خانووەکەم و هیچیان کڕیار نەبون “.
کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز بازاڕی زەوی و خانوبەرەیان تەواو سست و لاواز کردوە، بەڵام لەناوەڕاستی ئەمساڵەوە، مەسەلەی ڕیفراندۆم ئەم بێ بازاڕییەی زیاتر کردوە.
ئارام محەمەد فەقێ، یەکێکە لەخاوەن نوسینگەکانی دەرەوەی شاری سلێمانی، کە باس لەوە دەکات لەم کاتەدا هیچ کەسێک پارەی پێنییە تا زەوی و خانو بکڕێت، هەر ئەمەشە ئەم بازاڕەی شکاندوه و جموجوڵێک لەکڕین و فرۆشتنی خانوو پارچەزەویدا بەدیناکرێت، ئه و وتی “بازاڕەکە وەکو جاران نەماوە، نرخی خانوو زەویش زۆر دابەزیوە، کەچی کەس لێیناپرسێت”.
وتیشی “لەئێستادا هۆکاری سەرەکی پرسی ڕیفراندۆمە، کە بەتەواوی بازاڕی زەوی و خانوبەرەی مراندوە”.
بێ بازاڕیی نەک هەر لەپارچە زەوی و خانوبەرەدا ڕویداوە، بەڵکو پڕۆژەی شوقەکانیشی زیاتر گرتوەتەوە، کە کەس لێیناپرسێت.
خاوەن نوسینگەی نینا، گۆران فازیل ئەمین کە زیاتر کڕین و فرۆشتنی شوقە دەکات، بەنیگەرانیەوە ئەوە ڕوندەکاتەوە بازاڕی شوقە وێرانه و بەهەموو شێوەیەک وەستاوە، ئه و وتی “خواست لەسەر کڕینی شوقە لە 80% بۆ 85% دابەزیوە، کەچی شوقە هەر نافرۆشرێ و کڕیاری نییە”.
وتیشی “هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەتایەکان نین، وەک ئاوو کارەباو …هتد، خەڵک بەتەمای ژیان کردن نەماوە لەم وڵاتەدا، بەڵکو چاوەڕێی هەڵهاتنە”.[1]
20-08-2017