وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون دەڵێت بەکارخستنی نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی پێویستە، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە شەش هەزار بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
ئەم وتانەی #مەحمود حاجی ساڵح#، وەزیری #کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان# ئەمڕۆ دووشەممە 21 ئابی 2017، لەمیانی کۆبوونەوەیەک بوو لەگەڵ کورت گیۆرگ شتوکل شبیلک، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.
لەسەرەتای کۆبونەوەکە وەزیری کاروباری شەهیدان داوایکرد کە ئەڵمانیا پشتیوانیان بێت لە جوڵاندنی کەیسی جینوساید لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوای کرد ئەلمانیا کە ئەندامە له و دادگایە، ICC کار بۆ جوڵاندنی کەیسی جینوساید کردنی کوردانی ئێزدی بکات و هاوکاری کردنی وەزارەتی شەهیدان بۆ دامەزراندن و مۆزەخانەی تایبەت بە بەڵگەنامە و دۆکیومێنتەکان.
مەحمود حاجی ساڵح داواشی کرد، کە ئەڵمانیا هاوکاریان بێت لە بەکارخستنی نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری بەرکەوتوانی کیمیاباران، چونکە زیاتر لە شەش هەزار بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
وتیشی هەرێمی کوردستان زۆر پێویستی بە دروستکردنی تاقیگەی تایبەت بە پشکنینی DNA و هاوکاریکردن بۆ دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
لای خۆیەوە کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا تەئکیدی لە هاوکاریکردنی ولاتەکەی بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند ولاتەکەی له و ولاتانەیە زۆرترین هاوکاری پێشکەش بە عیراق و کوردستان کردوە لە شەری دژی داعشدا.
وتیشی بریتانیا سەرقاڵی پرۆژەیەکە بۆ کارکردن لەسەر ناساندنی جینوسایدی کوردانی ئێزدی لە ئەنجومەنی ئاسایش و هەرچەندە ئەلمَانیا ئەندام نییە، بەڵام پشتگیری تەواوی بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی جینۆساید دەکات.
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 21-08-2017