ڕۆژنیوز، ڕێباز سەباح
هاوڵاتیانی شاری #کەرکووک# نیگەرانن لەوەی کە لە شارەکەیان مانگانە بڕی سێ هەزار دینار دەدەن بۆ پاککردنەوەی شار و شارەکەشیان وەکو پێویست پاک ناکرێتەوە، شارەوانیش ئاشکرای دەکات پارەیەی کۆکۆکراوەی یەک مانگی هاوڵاتیان، کرێی پانزە ڕۆژی کۆمپانیای پاککەرەوەیە.
شارەوانی کەرکووک، لەگەڵ هەر ئەمپێرێکی کرێی کارەبای موەلیدە، بڕی هەزار دینار لە هاوڵاتیانی کەرکووک وەردەگرێت بە مەبەستی پاککردنەوەی شار، بەڵام شەقامەکانی شاری کەرکووک وەکو پێویست پاک ناکرێنەوە، هەر شەقامێکی شار زبڵدانێکە بۆخۆی.
مەریوان عوسمان وەک پێشمەرگەیەک بۆ ڕۆژنیوز وتی:ئەوە شەقامەکانمانە بەچاوی خۆتان دەیبینن، کەچی لەگەڵ هەر ئەمپێرێک کارەبای مولیدە هەزاردینارمان لێدەسەنن بۆ شارەوانی، تاکو ئێستا هیچ خزمەت گوزارییەکیش نەکراوە بۆ گەڕەکەکەمان، جگەلەوەش مولیدەکانیش بەپێی پێویست کارەبامان نادەنێ.
زرار خورشید هاوڵاتییەکی تری شارەکەیە بۆ ڕۆژنیوز وتی:ئێمە شارەوانی سێ هەزارمان لێ وەردەگرێت بۆ پاککردنەوەی ناو شار، کەچی شاریش پاک ناکرێتەوە، بەڕاستی ئەمە حاڵ و گوزەران نییە ئێمە تێیدا دەژین، ئۆتۆمبێلی خۆڵەکە دێ سەرێک دەدەن و دەڕۆن، وەکو پێویست کارەکانیان ڕاناپەرێنن، بەڕاستی ئەم گەڕەکەی ئێمە زۆر پشتگوێ خراوە و پێویستی بە خزمەتگوزارییە.
زرار خورشید وتیشی:وەک ئەوەی ئەو بڕە پارەیەمان لێ وەردەگرن، داواکارم لە شارەوانی ئیشەکانیان بە ڕێکوپێکی بەرێوەببەن، سەردانی ناو کۆڵانەکان بکەن و بەچاوی خۆیان بارودۆخەکە ببینن.
سەردار عەلی، بەڕێوبەری شارەوانی کەرکووکن لەسەر ئەو پرسە بۆ ڕۆژنیوز وتی:دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2013 ەوە بودجەی شارەوانی نەما، کە پاککردنەوەی شار لەسەر ئەو بودجەیە بوو، حکومەت هیچ بڕە پارەیەک نانێرێت و پاککردنەوەی شاریش وەک پرۆژەیەکی تر نییە بوەستێندرێت، بۆیە بیرمان کردەوە چ شتێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی پاککردنەوەی شار بەردەوام بێت، ئەو بودجەیە دابین بکەین، ئەوەبوو لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگای شارەکەوە بڕیار درا هەر ماڵەو بڕی سێ هەزار دیناری لێ وەربگیرێت لە گەڵ پارەی مولیدەکان، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بیدات بێ جیاوازی.
سەردار عەلی وتیشی:ئەم پارەیە کە کۆ دەکرێتەوە تەنانەت ناکاتە نیوەی ئەو پارەیەی کە گرێبەستمان پێکردووە لە گەڵ کۆمپانیاکە، چونکە گرێبەستەکەمان 850 ملیون دینارە بۆ هەر مانگێک، بەڵام ئەو پارەیەی کە کۆی دەکەینەوە تا ئیستا نەگێشتۆتە 400 ملیۆن، بەڵام هەر باشە و ئەتوانین شتێکی پێبکەین، ئیستا بیرمان لەوە کردوەتەوە لە دوکانە بازرگانییەکانیش ئەو بڕە پارەیە وەربگرین، بۆ ئەوەی بتوانین بڕی پارەکە بەشی گرێبەستەکە بکات و ئەو کێشەیەمان نەمێنێت، چونکە تا ئیستا نزیکی 8 مانگ قەرزاری ئەو کۆمپانیایەن.
لەسەر چۆنییەتی خەرجکردنی پارەکە، سەردار عەلی وتی:لە پارێزگای کەرکووک حیسابی تایبەتی بۆ کراوەتەوە و پارەکە دەچێتە ئەوێ، بەپێی ئەو سلفانەی ئێمە پێشکەشی دەکەین سەرف دەکرێت.
سەردار عەلی وتیشی:ئێمە ناڵێین هیچ کەموکوڕی نییە، بەڵام وەک ئەوەش نییە وازمان لە پاککردنەوەی شار هێنابێت، هەندێک کۆڵان هەیە ڕێی سەیارەی نییە، بۆیە ئێمە لەسەری ئەو کۆڵانانە شوێنی فرێدانی خۆڵمان بۆیان داناوە، بەڵام ڕەنگە نەیانگەیاندبێتە هەندێک شوێن وەک پێویست، بۆیە خۆڵ و خاشاک کۆدەبێتەوە خەڵکەکەش هاوکارمانن و کێشە ڕووینەداوە، بەڵام بەشێویەکی گشتی هەندێک جار ئۆتۆمبێل تێکدەچێت یان چەند ڕۆژێک پشوو دەبێت، بۆیە بەو هۆکارانە هەندێک جار خۆڵ و خاشاک کۆدەبێتەوە، بۆیە دەستبەجێ تیمەکانمان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن و ئەو کێشانە چارەسەر دەکەن و پاکی دەکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە شاری کەرکووک بە شاری زێڕی ڕەش ناسراوە و یەکێکە لە شارە نەوتییەکانی جیهان، ڕۆژانە زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە بیرەتەوتییەکانی ئەو شارە دەفرۆشرێت و بەپێی دەستوور و یاسای پترۆدۆلار، پێویستە بۆ هەر بەرمیلێک دۆلارێک بدرێتە پارێزگاری کەرکووک، لەگەڵ ئەوەشدا کەرکووک پیسترین شاری عێراقە و هەریەک لە گەڕەکەکانی بوەتە زیڵدانێک بۆخۆی.[1]
23-08-2017