بابەتێک لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە دەربارەی سکاڵای پەرلەمانتار (#عەلی حەمە ساڵح#) لەسەر هەریەک لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرانی پلاندانان و دارایی و پارێزگاری #سلێمانی# دەربارەی دیارنەمانی پارەی گەشەپێدانی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵانی (2012-2013) لەبەرئەوەی ئێستا ئەم کەیسە لەژێر لێکۆڵینەوەیه و بڕیاری بنبڕی وەرنەگیراوە ناتوانین باس لە ناوەڕۆکی کەیسەکە بکەین ئێستا لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمە.
1- ئەم کەیسە لە #دەستەی دەسپاکی# ڕێکاری یاسایی خۆی وەرگرتووە هەروەکو لە ڕێنمایی ڕێکخستنی کاری لێکۆڵینەوەی دەستەی دەسپاکی هەرێم هاتووە لە گەیشتنی زانیاریەکان لەلایەن سکاڵاکار دواتر چۆتە قۆناغی هەواڵدەری لەم قۆناغە دۆکۆمێنت و ڕای شارەزاو لیژنەی چاودێری دارایی وەرگیراوە پێشکەش بە دادوەری دەسپاکی سلێمانی کراوە.
2- دادوەری دەسپاکی دوای لێکۆڵینەوە لە دۆکۆمێنت و ئه و بەڵگانەی کە لەناو دۆسیەکە هەبووە بڕیاری خۆی داوە بە داخستنی کەیسەکە.
3- لە ڕێگای داواکاری گشتی تانە لە بڕیارەکە دراوە لە دادگای تاوانی سلێمانی بە سیفەتی پێداچوونەوە کە مافێکی یاسایی خۆی بووه و دادگای تاوانیش بڕیارەکەی دادوەری لێکۆڵینەوەی ڕەتکردۆتەوە.
4- نوێنەری تۆمەتبارکراو وەکو مافێکی یاسایی خۆی دەستوەردانی پێداچوونەوە (تدخل تمیزی) کردووە لە بڕیاری دادگای تاوانەکان ئێستا دۆسیەکە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمه و کێشەکە کۆتایی نەهاتووە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە یەکلایی دەکاتەوە.
بۆیە لەبری ئەوەی سکاڵا کار لە ڕۆژنامه و پەیجی خۆی بە خراپ باسی دادگای دەسپاکی سلێمانی بکات داوای لێدەکەین سەردانی دەستە بکات و ڕاستیەکانی بۆ ڕوونبکرێتەوە ئینجا چاوەڕوانی دوا بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دەکەین کە بڕیارێکی بنبڕه و دادگای دەسپاکی سلێمانی پابەند دەبێت پێیەوە.
23-08-2017