ڕۆژنیوز، محەمەد حەسەن
بەهۆی بوومەلەرزەکەی دەڤەری ڕاپەڕینەوە، لە #ڕانیە# 30 کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و زیانێکی زۆری مادیش بەر خانوی هاوڵاتیان کەوتووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بەشێک لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەولێری هەژاند و بە وتەی کەشناسی هەرێم بومەلەرزەکە 5.3 پلە بووە بە پێوەری ڕێختەر، لە شارۆچکەی ڕانیەش زیانی زۆری بەدواوە بوو.
تەها محەمەد وتەبێژی تەندروستیی گشتیی ڕاپەڕین بە میدیاکانی ڕاگەیاند: بەهۆی بومەلەرزەکەی ئەمڕۆوە 30 کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە، کە 17 کەسیان بەهۆی ترسان و بورانەوە بووە و 13 کەسی ترشیان بەهۆی برینداربوونەوە کە دەست و قاچ و سەریان شکاوە و لە ئێستادا تەندروستیان جێگیرە.
ئەوە جگە لەوەی بەشێک لە باڵەخانەی هاوڵاتیان ڕووخاوە و زیانی مادی زۆری بەدواوە بووە.
بومەلەرزەکە لە چەندین ناوچەی سنوری سلێمانی و هەولێر هەستی پێکراوە و کەشناسی هەرێم-یش ڕیگەیاند: بوومەلەرزەیەک لە دووری 6 کیلۆمەتر لە قەڵادزێوە بە قوڵایی 10 کم و بە گوڕی 5.3 پلە بە پێی پێوەری ڕێختەر ڕوویدا و زیانەکانیش لە لایەن دەزگای بەرگری شارستانیەوە تۆماردەکرێت ئەگەر هەبوبێت هەروەها ئەم بومەلەرزەیە هەستی پێکراوە لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی.
پێشتریش لە ڕۆژی 21 ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 بە پێوەری ڕێختەر لە دەوروبەری پارێزگای هەڵەبجە ڕوویداوە.[1]
23-08-2017