وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئاشکرایدەکات، دوا کاروانی حاجیانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی #حەج# گەیشتنە عەرەبستانی سعودیە، کە بە تێکڕا ژمارەیان دەگاتە 5550 حاجی.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئابی 2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە 2ی ئاب گەشتەکانی حاجیانی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بەره و عەرەبستانی سعودیە دەستیانپێکرد و بەپێی خشتەی دیاریکراو و بە شێوەیەکی پوخت و بێ کەموکوڕی بەردەوام بوو، ئەمڕۆ بە گەیشتنی دوا کاروانی حەجی تایبەت لە شاری سلێمانیەوە بۆ مەککه کۆتایپێهات.
وتیشی، بە تێکڕا ژمارەی حاجیانی هەرێم دەگاتە 5550 حاجی.
نەبەز ئیسماعیل، ئاماژەشیدا، شانشینی عەرەبی سعودیە پشکێکی تایبەتی بە حاجیانی عیراق بەخشی و لەوانەش بڕی 681 حاجی بەر هەرێمی کوردستان کەوت و ژمارەی حاجیانی کوردستان گەیشتە ئه و ژمارەیە. ئەوەشی وت، تا دوا گەشتی ئەمڕۆ هەموو حاجیان بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شاری مەککە، لە هەر چوار میوانخانەی سەما زیافە و جادولمەحبەس و نەسەماتولخەیر لە ناوچەی مەحبەسولجین و مەکاریمولویصال لە ناوچەی نوزهەی شاری مەککە نیشتەجێبوون.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕوونیشیکردەوە، تیمی پزیشکی هاوسەفەری حاجیان کە پێکهاتووە لە 12 پزیشک و 9 کارمەندی تەندروستی بەردەوام لە خزمەتی حاجیانن و بڕی پێویستی داو و دەرمانیش لە کوردستانەوە بۆ چارەسەری حاجیان گوازراوەتەوە مەککە و نۆڕینگەی تایبەت دەستەبەرکراوە بۆ ئەوەی حاجیان لەکاتی پێویست سەردانی بکەن و چارەسەربکرێن.
عەرەبستانی سعودیە ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی 2017/9/1 یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە، بەوپێیە ڕۆژی پێنجەشممە 8/31 حاجیانی هەموو جیهان لەسەر عەرەفە کۆدەبنەوە و له و ڕۆژەوە ڕێوڕەسمەکانی فەریزەی حەج دەستپێدەکات و بە تەواوبوونی جەژن کۆتایی دێت.[1]
24-08-2017