بە پێی بەڵگەیەکی کۆمپانیای #سۆمۆ#ی عیراقی، لە ماوەی ئەمساڵدا هەرێمی کوردستان 125 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە کە داهاتەکەی دەکاتە پێنج ملیار دۆلار.
#عەلی حەمە ساڵح# ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە فەیسبوک بەڵگەنامەیەکی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)ی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە #01-01-2017# ەوە بۆ 22-8-2017.
بەپێی بەڵگەنامەکانی سۆمۆ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو 22ی ئاب، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 125 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. نرخی نەوت بە تێکڕا 51 دۆلارە، هەرێمی کوردستان 40 دۆلاری بۆ ماوەتەوە، بەمەش کۆی داهاتی نەوت 5 ملیار و 24 ملیۆن دۆلارە.
عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا شەش موچەی بە سیستمی پاشکەوت دابەشکردووە کە سێ ملیار دۆلار دەکات. بەمەش تەنیا لە نەوتی بۆری دوو ملیار و 24 ملیۆن دۆلار دیار نییە، جگە لە داهاتی بەرهەمە نەوتییەکان و 170 ملیۆن دۆلاری مانگانەی داهاتی ناوخۆ، ئێستا ئەوانەی دەڵێن داهات بەشی موچە ناکات قسەیان چییە؟[1]
25-08-2017