لە ڕێکەوتی #21-08-2017# لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی سەباحی سەر بە حکومەتی عێراقی چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ مەهدی سومەیدەعی بەناوی موفتی سوننەکانی عێراق، لە چەند شوێنێکدا قسەی نەفامانە و ناحالی بە خەڵکی کوردستان دەکات، سەروبەندی قسەکانی بەهەرزەکارێکی سیاسی دەچێت کە نازانێ مەلە لە ئاوی ڕۆشندا بکات.
لەقسەکانیدا دەڵێت: ڕیفراندۆمی کوردستان جۆرێکە لە ئیرهاب و تیرۆر! ئێمەش دەڵێین نە لە ڕیفرادوم تێگەشتووی و نە لە مانای تیرۆر دەزانی، چونکە بۆ کەسێکی وەک تۆ نیە باسی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بکات و ئێستا ئێمەین دەناڵێنین بەدەستی تیرۆرەوە و شەڕ لەگەڵ تیرورستان دەکەین، وا دیارە وەک عەرەب دەلێن (نایم ورجلیه بالشمس). لە شوێنێک تردا دەڵێت: ئەم ڕیفرادومە سەر ناگرێت و دەبێتە پەرتەوازی کورد!.
ئێمە پێت دەڵێین باشتروایە خەریکی ماڵی سوننی بیت مەگەر جارێ هەر سوننەکانیش متمانەت پێ بکەن و بڕوایان بە فتواکانی تۆ بێت. وا بزانین سەد ساڵێکت دەوێت تا چەند کەسێک بڕوات پێبکات.
هەر لەم دیدارەدا بەشان و باڵی هێزە چەکدارەکانی میلیشای حەشدی شەعبی هەڵدەدات و ناوی هێزی پێشمەرگە ناهێنێت، ئەمەش نیشانەی ناخە نامۆکەیەتی کە بە تاکە چاوێک شتەکان دەبینێت. ئێمە بە بیری تۆ و ئەمسالی تۆ دەهێنینەوە کە زاناکانی ئێمە بوون سەد ساڵ زیاتر موفتی عیراق بوون، دوایینییان مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس بوو کە هیچ گوتار و فەتوایەکیان نەدا دژ پێکاتەکانی عێراق و ئازاری هیچ نەتەوەیەکیان نەدەدا، بەڵام ئێستا بەداخەوە کەسێک بە ناوی ئەو شوێنەوە قسە دەکات کە مەرجی بانگدانیشی تێدانیە، بگرە دەیەوێت ببێتە موفتی.
لێرەوە ڕادەگەیەنین بەهێچ شێوەیەک ئەم جۆرە ناماقولیانە لە هیچ کەس قبول ناکەین و بە ناوی مەلا و شێخ و موفتییەوە لێدوانی نارێک بدات. سەر بەرزین بە هەڵبژاردنی جەماوەری بەشەرەفی کوردستان و خوێنی شەهیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، نمونەی وەک ئێوەش باشتر وایە خۆی لەم بابەتانە بەدور بگرێت، چونکە نە لێدەزانی و نەفێریش دەبێت کە موفتی دەبێت چۆن قسە بکات.
#وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی#
26-08-2017