بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
خوشک و برا خۆشەویستەکانم
جێگەی خۆشحاڵی و ئومێدێکی زۆرە کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەندەران بۆ پاڵپشتیکردنی سەربەخۆیی گەلەکەمان لێرەدا کۆبوونەوتەوە و دەستخۆشیتان لێ دەکەم و سوپاستان دەکەم. دەنگی ئێوەی سەربەرز پشتگەرمی و هێز دەداتە خوشک و براکانتان لە کوردستان.
ئەمڕۆ میللەتەکەمان لەبەردەم قۆناغێکی زۆر هەستیارادایە، لە 25ی سێپتەمبەری داهاتوو #ڕیفراندۆم# دەکرێت بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.
بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە، بڕیاری هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستانە و سەروەرییەکی گەورەی دیکەیە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا.
ریفراندۆم ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورەتر کە سەربەخۆییە، ئەمەش تەنها بۆ خەڵکی کورد نییە، بۆ هەموو ئەو نەتەوە و ئایینانەیە کە لە کوردستاندا دەژین.
گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بە مەرجی شەراکەت ژیانێکی ئارزوومەندانەی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا هەڵبژارد. دوای سەد ساڵ بەشی گەلی کوردستان لەو شەراکەتە نەهامەتی و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید و قڕکردن بوو.
هەموو هەوڵەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بێ ئاکام بوون و، ئەو مافانەی کە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە کە ژیان و ئازادییە، لێمان زەوت کرا، گەلی کوردستانیش ژێردەستەیی و پاشکۆیەتی قبوڵ نییە، بۆیە لەئێستادا بەهەمان شێوازی مەدەنییانە و دیموکراتیانە خەڵکی کوردستان لە بەردەم دوو بژارەدا دەبێت، یان مانەوە لەگەڵ دەوڵەتێکدا کە هەمیشە هەوڵی سڕینەوەمان دەدات، یان هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی.
وێرای هەموو ئەو نەهامەتییانە کە حکومەتەکانی عێراق بەسەر کوردستانیان هێنا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کوردستان هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ بنیاتنانی عێراقێکی تازەی فیدرالی و دیموکراتی لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق بەڵام هەوڵەکان هیچ ئاکامی نەبوو، ڕێککەوتن کرا و پێشێل کرا، یاسا دەرکرا و جێبەجێ نەکرا، دەستوور ئیلتزامی پێوە نەکرا و پێشێل کرا، تاکو گەیشتە ئەوەی نانی خەڵکی کوردستان ببڕن. هێشتا فەرهەنگی نکۆلیکردن و بە پاشکۆدیتنی گەلی کوردستان باڵادەستە. فەرهەنگێک کە شەراکەت قبوڵ ناکات. گەلی کوردستان لە مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نائومێد بووە و چیتر نایەوێ ئەزموونە شکستخواردووەکانی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە و ناچاریش نیە تاهەتایە پاشکۆ بێت و چاوپۆشی لە مافەکانی بکات.
ئێمە داوای شتێکی ئاسایی و یاسایی دەکەین. گەلی کوردستان دەیەوێ لەڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بە مافەکانی خۆی بگات و باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغداو دراوسێکان و وڵاتانی ناوچەکە هەبێت. ئامانجی ڕیفراندۆم گەیاندنی پەیام و ویستی هاووڵاتیانی کوردستانە بە جیهانیان کە سەربەخۆیی و ئاشتی دەوێت. گەلی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بپارێزێ و لە ئاشتیدا بژییت و بەرەو پێشەوە بچێت پێویستی بە سەربەخۆییە.
گەلی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی لە شەڕ و کێشەکان لەگەڵ عێراقدا بپارێزێت دەبێ خاوەنی سەروەریی خۆی بێت. بۆیە باشتر وایە کوردستان وعیراق ببنە دوو دراوسێی باش تا کێشەی گەورەتر لەنیوانیاندا ڕوونەدات و چیتر هەردوولامان لە گێژاوو لە دڵەڕاوکێدا نەژین.
ئازیزانم..
میللەت ڕا و هەڵوێست و ڕێزی خۆی هەیە و دەبێت ئەو هەلە بە خەڵکی کوردستان بدرێت بڕیاری خۆی بدات و گوزارشت لە ڕای خۆی بکات. تاکە دەرمانی هەموو ئازارەکانمان و تاکە زامن بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارەساتەکان ئەوەیە، بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێین.
شۆڕشەکانی گەلەکەمان بۆ ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی بووە، گەلی کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا قوربانیی گەورەی دا بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی، ئێوە لە هەموو بۆنە نەتەوەییەکاندا ڕۆڵی جوامێرانەتان بینیوە، بۆ ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25ی سێپتەمبەریش داواتان لێ دەکەم ئەرکە نیشتیمانی و نەتەوەیی و دیموکراتییەکەتان ئەنجام بدەن و بە هەموو توانایەک پاڵپشتی سەربەخۆیی بن، دەنگتان بۆ سەربەخۆیی بێت، ئەوەیش لە پێناو کۆتایی هاتنی ژێردەستەیی و هەڵهاتنی خۆری ئازادی، لەپێناو وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدانمان، لەپێناو ئاشتی و بووژانەوەدا، لەپێناو بەختەوەری بۆ نەوەکانی داهاتوو.
بژی کوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
#مەسعود بارزانی#
26-08-2017