دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
#وەزارەتی سامانە سروشتییەکان#ی هەرێم نرخی یەک لیتر #بەنزین#ی بۆ 701 دینار زیادکردووە، بەمەش نرخی بەنزینی نۆڕماڵ و سوپەر لە شارەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو گران بووە.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە، نرخی بەنزینی نۆڕماڵ بۆ هەر لیترێک لە 550 دینار بەرزبۆتەوە بۆ 650 دینار، هاوکات نرخی بەنزینی سوپەر لە 725 دینار بۆ 850 دینار بەرزبۆتەوە.
هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزینیان بۆ زۆری خواست لە بازاڕەکان گەڕاندەوە، بەڵام بەپێی نووسراوی ژمارە (4102)ی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە واژووی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی بەسەرەوەیە و وێنەیەکی لای دواڕۆژە، دەرکەوتووە کە حکومەتی هەرێم نرخی یەک لیتر بەنزین بە بڕی 701 دینار بە کۆمپانیاکان دەدات.
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دانانی ئه و نرخەی نوێیەی بۆ ماوەی مانگێک دەبێت و لە 27ی تەمموز تاکو 38ی ئابی 2017 دەبێت و بڕی 16 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین بەسێ کۆمپانیای سەر بە پاڵاوگەی بازیان دەدرێت.
هەرشاد عەبدوڵا، یەکێک لە بازرگانی بەنزین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند حکومەتی هەرێم جگە لە چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو ڕێگەنادات بازرگانانی تر بەنزین هاوردە بکەن، ئەمەش وایکردووە حکومەت هەر کاتێک ویستی نرخی بەنزین گران بکات.
وتیشی ئێستا یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵ بە 620 دینار دەدرێتە #بەنزینخانە#کان و لەلایەن بەنزیخانەکانیش بە 650 دینار بە هاوڵاتیان دەدرێت، هەروەها یەک لیتر بەنزینی سوپەر بە 820 دینار بە بەنزینخانەکان دەدرێت و بە 850 دینار بە هاوڵاتیان دەفرۆشێتەوە. [1]
27-08-2017