بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی #سلێمانی# ئاشکرای کرد کە لەماوەی هەفتەیەکدا لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی، 2 هەزار حاڵەتی #سکچون# و #ڕشانەوە# تۆمارکراوە و بۆ ڕێگرتن لە بەرزبونەوەی حاڵەتەکەش چەند بڕیارێکیان دەرکردووە.
دکتۆر (میران محەمەد)، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: بەپێی ئه و ئامار و زانیارییانەی لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانییەوە پێماندراوە، تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا دوو هەزار حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە تۆمار کراوە، کە بەبەراورد بە هەفتەی پێشوو ن حاڵەتەکە چوار هێندە زیادیکردوە.
گوتیشی: بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی حاڵەتەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە (27/8/2017) کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست ئەنجامدا و بەیەکەوە چەند بڕیارێکمان دا لەوانە:
کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە بکرێت و بەرزکردنەوەی ڕێژەی کلۆر تێیاندا بەرزبکرێتەوە. هەروەک فرۆشتنی ئاوی ئه و تەنکەرانە قەدەغە بکرێت کە تایبەت نین بە ئاوی خواردنەوە و سەرچاوەی ئاوەکانیان گوماناوین و ئه و شەمعانەی ئاویش کە نایاسایین و لەژێر چاودێری حکومەتدا نین، دادەخرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە نەخۆشخانەکان ئامادەکراون بۆ چارەسەرکردنی تووشبوان و ڕێنمایش دەدرێتە هاووڵاتیان کە دوربکەونەوە لە خواردن و خواردنەوەکانی دەرەوە و ئه و خواردنانەش کە گومانیان لێدەکرێت خاوێن نەبن، هەروەک پێویستیشە ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن و سەوزە و میوەش پێش خواردن بە ئاوی پاک بشۆنەوە.[1]
27-08-2017