پارێزگاری #کەرکووک# ڕایدەگەیەنێت، لە سەردەمی وەزیری پێشووی پەروەردەی عێراق 72 خوێندگا ڕوخێنراون، بەڵام تاوەکو ئێستا بنیاتنەنراونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، د.نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ فەرمانگە حکومییەکان پوختەیەکی سەبارەت ڕەوشی پەروەردە و پلانی ڕۆژانی جەژن خستەڕوو.
بەپێی بەیاننامەیەکی دیوانی پارێزگای کەرکووک کە کۆپییەکی بۆ دواڕۆژ نێردراوە، لەکۆبونەوەکە پارێزگاری کەرکووک باسی لەوەکردووە لەسەردەمی محەمەد تەمیم وەزیری پێشووی پەروەردەی عێراق 72 قوتابخانە لەناو کەرکووکدا ڕوخێنراون و تائێستا بنیاتنەنراونەتەوە، ئەمەش کاریگەی نەرێنیان کردۆتەسەر پرۆسەی خوێندن لەشارەکەدا.
سەبارەت بە پلانی ڕۆژانی جەژن، پارێزگاری کەرکووک وتی دەبێت لەرۆژانی جەژنی قورباندا فەرمانگە خزمەتگوزراییەکان کار بکەن بۆ دانانی پلان لە پێناو دابینکردنی ئاو و کارەبا و ئامادەیی کەرتی تەندروستی تاوەکو هیچ گرفتێک بۆ هاوڵاتیان دروست نەبێت.
لەبەشێکی تری بەیاننامەکەی دیوانی پارێزگای کەرکووک ئاماژە بەوەکراوە نەجمەدین کەریم نیگەرانی بەرامبەر لێدوانی بەشێک لە کوتلەی عەرەبی لە پەرلەمانی عێراق نیشانداوە.
د.نەجمەدین لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە ئەو دەنگانەی ماڵوێرانی و کارەساتیان لە عێراق هێنایە ئاراوە و کەشی لەباریان بۆ دروستبوونی داعش خوڵقاند، خۆیان لەئاست مەینەتییەکانی ئاوارەکاندا دزییەوە، دەیانەوێت شکستەکانیان بە تێکدانی پێکەوەژیانی شارەکە پەردەپۆش بکەن.[1]
29-08-2017