ئەمساڵ بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە دەڤەری #ڕاپەرین# لە نێو ئاودا خنکاون زیادی کردووە، ئەمە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی #بەرگری شارستانی# ڕاپەڕینە، چونکە ئەمساڵ لە دەڤەری ڕاپەرین لە یەکەم ڕۆژی ساڵ تاوەکو 20/8/2017 لە نێو ئاودا 14 کەس خنکاون، بەڵام ساڵی ڕابردوو واتا 2016 تەنیا 8 کەس و ساڵی 2015ش تەنیا 10 کەس خنکا بوون.
دواین ڕووداوی خنکان لە نێو ئاودا، خنکانی دایک و کورێک بوو لەنێو حەوزێکدا لە 20/8/2017، محەمەد ئەحمەد یەکێکە لە شایەتحاڵەکانی ئەم ڕووداوە و بۆ (باسنیوز) گوتی: لە گوندی تاقوڵانی سەر بە شارۆچکەی حاجیاوای شاری ڕانیە، خێزانێک کە لە سەر باخێکن بە کرێ، منداڵێکی پێنج ساڵانیان دەکەوێتە نێو حەوزەکە و لە تاوی منداڵەکەش دایکەکەی بۆ ڕزگارکردنی کورەکەی خۆی دەخاتە نێو حەوزەکە و هەردووکیان دەخنکێن
ئەو شایەتحاڵە، باسی لەوەش کرد کە باوکی منداڵەکە لە ماڵ نەبووە ئەم کاتە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی هەردووکیان بخنکێن.
دەڤەری ڕاپەرین خاوەنی چەند ڕووبارێک، زێی بچووک و بەنداوی سەروچاوەیە، ئەم ئاوانە ڕۆژانە هەزاران کەس بۆ مەلەکردن ڕوویان تێ دەکەن بە هۆی بەرزی پلەکانی گەرما، ئەمەش هۆکارێکە بۆ زۆربوونی ڕووداوەکانی خنکان لەم دەڤەرە.
رائیدی پۆلیس حوسێن عەبدولڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی ڕاپەرین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ئەمساڵ ڕووداوەکانی خنکان لە چاو دوو ساڵی ڕابردوو زۆر زیادیان کردووە، هۆکارەکەشی بۆ کەمتەرخەمی خەڵک دەگەڕێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری خەڵکی بەبێ ئەوەی مەلە بزانن دەچنە نێو ئاوەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی ڕاپەرین، دەشڵێت: زۆربەی ئەوانەی خنکاون، منداڵ و گەنجن، ئەوان دەچنە نێو ئاو و شارەزای قوڵی ئاوەکە نین، هەندێک لە ئاوەکانیشمان مەترسیدارن و پلەی گەرمی ئاوەکان زۆر ساردە، بەم هۆیەشەوە توشی وەستانی گورچیلە و جەڵتە دێن، بۆیە پێویستە خەڵکی کە مەلە نازانن و شارەزا نین، خۆیان بپارێزن لەو شوێنانە، ئەگەر هەر سووریشن لە سەر مەلەکردن پێویستە جل و بەرگی تایبەت بە مەلەوانی بپۆشن، چونکە لەسەر ئاوی زێی بچوک هی ڕێنمایەک نییە و ساڵانە ئەو ئاوە بەرز و نزمی و کەم و زیادی دەکات، بۆیە نازاندرێت کوێ قوڵ و مەترسیدارە و شوێنی گۆمی غەسالەکانی چەو و لمە.
پۆلیسی بەرگری شارستانی ڕاپەرین دوو تیمی غەواسی هەیە، کە یەکێکیان لە دوو کەس پێکهاتووە و لە سەر بەنداوی سەروچاوە جێگیرە و ئەوەی دیکەش لە هەشت کەس پێکهاتووە و لە سەر زێی بچووکە، لە مبارەیەوە گوتەبێژی پۆلیسی بەرگری، ئەوەی خستە ڕوو کە تیمەکانیان ڕاهێندراون مەلەوانی باشن، کەلوپەل و پێداویستی تایبەتیان هەیە، ئەوان دەتوانن چەند کاتژمێرێک لە ژێر ئاوادا بمێننەوە، لە سەروچاوە تەنیا ئەمساڵ تیمەکانمان توانیویانە 15 کەس ڕزگار بکەن، بەڵام گرفتی سەرەکییان ئەوەیە کە سنووری کاریان زۆر فراوانە و سەرچاوە ئاوییەکان زۆرن، تەنیا زێی بچووک دەیان کیلۆمەتر دەبێت، بۆیە ناتوانین لە هەموو شوێنێکی زێیەکە تیمەکانمان جێگیر بکەین و بە تەواوی کۆنترۆڵی ڕووداوەکان بکەین، ئێمە پێویستمان بە تیمی دیکەیە هەیە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و ڕزگارکردنی خەڵک، بۆیە داواکارین خەڵکی تایبەت هەیە بۆمان دابمەزرێنن.[1]
28-08-2017