دوای سڵاو و ڕێز بۆ جەنابتان، هیوادارم بەڕێزتان لەتەندروستییەکی زۆر باش دابیت.
کاک عومەر من وەکو هاوڵاتییەکی دڵسۆز بەنیشتمان و پرسە چارەنووسسازەکانی ئه و نامەیەم نوسییوە و نامەکەم لەچوارچێوه و بازنەی هیچ ئۆرگان و لایەنێکی سیاسیدا نییە، تەنها دەرهاوێشتەی ویژدان و خەمخۆری و دڵسۆزیمە بۆ نیشتمان.
.. گومانی تێدا نییە کە لەسیستمە ڕۆژهەڵاتییەکاندا سەرۆک و سکرتێر و ڕێکخەر و ڕابەر ڕۆڵی سەرەکی دبینین لەرووداوەکان و هەر ئەوانیش ئەبن بەرێکخەری هاوسەنگی لەناو حزبەکانیان و هەروەها لەناو جولانەوەی سیاسی و ململانێکانیدا، بۆیە بەکۆچی دوای کاک نەوشیروان ئەرکی گەورەی #بزوتنەوەی گۆڕان# ئێستا لەئەستووی بەڕێزتان دایه و ئەوەش بەرپرسیارەتی بەڕێزتان وەکو ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان و ئه و جەماوەرەش چ هەوادارو ئەندام بن یاخود دەنگدەری هەڵبژاردنەکان، هەمووی لەچوارچێوەی ئه و ئەرکە قورسانەی جەنابتان دایە.
.. جەنابی کاک عومەر.... دوورە پەرێزی گۆڕان لەپڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەهەر بیانوێکی پاک و مەشروعیش بێت، مەودایەک بزوتنەوەی گۆڕان لەنەخشەدانانی سیاسی ئێستا و ئایندەی کوردستان دووردەخاتەوە، دوور نییە بزوتنەوەی گۆڕان بێبەش و بێ توانابکات لەپەڕینەوە بۆ قۆناغی دواتر ئەوەش دەبێتە هۆی زیانهێنێکی سیاسی گەورە بۆ بزوتنەوە بەڕێزەکەتان.
.. بەڕێز کاک عومەر... لەهەموو مێژووی جیهانی دوور و نزیکدا دامەزراندنی دەوڵەت هەرگیز پەیوەست نەبووە بە مەرجی بوونی شەفافیەت و حوکمی ڕەشید و نەزاهەت بەڵکو هەمیشە ڕێککەوتی سیاسی و هەڵکەوتنی هەلی مێژوویی و وەچەرخانی ڕووداوە سیاسییەکان وایان لەسەرکردە ئازاکان کردووە بڕیار بدەن و پشت به و ئەگەرانه و و بەتوانای میللەتەکەیان ببەستن بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی و بونیادنانی دەوڵەت، بەرێزیشتان دەزانن کەجیاوازی زۆر لەنێوان دەوڵەت و حکومەتدا هەیە، دەوڵەت بەمانای سیادەی نیشتمانی و پێناسەیە بۆ هاوڵاتیانیەتی، ئەما حوکمی ڕەشید و شەفافیەت و نەزاهەت و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی ئەوا لەتایبەتمەندییەکانی ئه و حکومەتە یەکلەدوایەکانەدایە کە لەلایەن خەڵکەوە لەچوارچێوەی سیادەی دەوڵەتدا هەڵدەبژێردرێن و بەشێوەیەکی دیموکراسییانەش دەستاودەست دەکرێت هەر ئەوەشە دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون.
.. ئەگەر لەئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان وەکو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی میللەت خۆی وێناکردووە، ئەوا دەتوانێت هەمان ڕۆڵ لەچوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆشدا بەگوڕ و تینێکی زیاتر ببینێت و دوور نییە لەهەڵبژاردنەکانی گشتی دەوڵەتی کوردستانیشدا متمانەی میللەتیش وەدەست بهێنێت بۆ دروستکردنی حکومەتێکی شەفاف و ڕەشید کە دمێکە بزوتنەوە بەڕێزەکەتان و تەنانەت لایەنەکانی تریش کە لەدەسەڵاتن هەوڵی بۆ ئەدەن. هەرگیز پێشبینی ئەوەش ناکرێت کە دەوڵەتی کوردستان دەوڵەتێکی دیکتاتۆری بێت لەبەر زۆر هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی و ئیسترایجی وەڵاتە زلهێزەکانیش ڕێگر دەبن، تەنانەت ئیمزاکردنی دەوڵەتی کوردستانیش لەسەر میساقی نەتەوە یکگرتووەکان و ڕێککەوتنە پاشکۆکانیشی زامنی پرسی حوکمی ڕەشید و شەفافن.
جەنابی کاک عومەر.... لەئێستادا کوردستان بەره و ڕیفراندۆم دەڕوات و هەموو ئەگەرەکانیش ئەوەمان پێدەڵێت کە گەلانی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو دەنگ بۆ سەربەخۆیی ئەدەن و بێگومان لەهەمان کاتیشدا بەشێکی بەرچاویش بەنەخێر دەنگ دەدەن کەمن ئەوانیش بەکەسانی دڵسۆز دەزانم! بەڵام لەئایندەدا و لەنێو دێڕەکانی مێژوودا ئه و خۆدوورگرتنه و هەڵوێسێتەی بزوتنەوەکەتان بەکارێکی ئەرێنی تۆمارناکرێت و دووریش نییە ئەم هەڵوێستە ببێتە هۆی پەراوێزبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و ئینتحاربوونی سیاسی و کوژانەوەی لەمەیدانی کاریگەربووندا لەسەر نەخشەی سیاسی کوردستان.
.. لەکۆتایدا هیوادارم جەنابتان وەکو سەرکردەیەکی ئازا لەپاڵ سەرکردەکانی ترو ئه و جەماوەرەش کەمتانەی بەئێوە داوە هەموو ئه و گرفت و کێشەو(غوبن)انە کەلەئەنجامی ململانێی سیاسیدا دروستبوون وەلا نێن وەکو چۆن بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرتادا بەمومێکی داگیرساوەوە هاتە مەیدان ئاوەهاش بەهەمان مۆم و هەمان وزە ڕێگای سەربەخۆیی ڕۆشنتر بکەنەوه و جەنابتان و بزوتنەوەکەتان ببن بەخاوەنی ئه و پرسە کە لەمێژوودا هەر یەکجار ڕوودەدات و دووبارە نابێتەوە.
هەر بژین، بەهیوای سەرکەوتن و سەرفیرازی
هاوڵاتی
هەڵگورد عبدالوهاب جندیانی
هەولێر - 30-08-2017