دواڕۆژ، ڕەڤەند گوهەرزی
فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری سەهل مالح ڕایدەگەیەنێت، چەکدارێکی خۆکوژی #داعش# لەگەڵ دوو ژن و سێ منداڵ خۆیان گەیاندە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سەهل مالح و چەکدارە خۆکوژەکە داوایکرد ڕێگەی پێبدەن بچێتە سوریا ئەگەر نا خۆی دەتەقێنێت، بەڵام پێشمەرگەیەک بە گوللەیەکی قەناس کۆتای بەو هەوڵە خۆکوژییە هێنا.
پێش هاتنی ئەو چەکدارە خۆکوژەی داعش، باوکی ئەو ژنە #ئێزدی#ە چاوەڕێی کچەکەی بوو کاتێک پێشمەرگە ئەو هەوڵە خۆکوژیەی داعشی لەناوبرد، ئەو ژنە لەگەڵ منداڵەکانی ڕزگارکراو بە چاوی پر فرمێسکەوە چوو باوەشی باوکی.
نەقیب بێدار زێباری، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری سەهل مالح بە دواڕۆژی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئاب زیاتر لە 200 کەس لە ناحیەی عیازیە هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە گوندی سەهل مالح لە نزیک سەنگەری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
وتیشی : لە کاتی هاتنی ئەو ئەوژمارە زۆرەی ئاوارەی عیازیە، چەکدارێکی خۆکوژی داعش کە ژنێکی ئێزدی و یەکێکی تورکیمانی لەگەڵدابووە بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوەوە لە دوورەوە وتی ڕێگام پێبدەن خۆم بگەیینمە سنوری سوریا ئەگەر خۆم دەتەقێنمەوە و ئەوانەی لەگەڵمندان هەمویان دەکوژم.
ئاماژە بەوەشدا، لەوکاتەدا پێشمەرگەیەک بە گوللەیەکی قەناس ئەو چەکدارە خۆکوژەی داعش کوشت و ژنەکە لەگەڵ منداڵەکانی گەیشتە لای باوکی و کەسوکاری خۆی.
هاوکات حسێن کورو قائیدی، بەرێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش بە دواڕۆژی ڕایگەیاند: ژنەکە ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە لە دەستی ئەو چەکدارە خۆکوژە ڕزگارکرا سێ منداڵی هەبووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ بووە داعش لە گوندی حەردان ڕفێندبووی.
وتیشی : تەمەنی منداڵەکانی ئەو ژنەکە ئەمڕۆ ڕزگارکراوە لە نێوان 3 تا 10 ساڵ بووە.
ئاماژە بەوەشدا، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە دەستی چەکدارانی داعش ڕزگارکراون گەیشتە 3121 کەس و نزیکەی 3200 کەسیش ماون.[1]