پارک و سەیرانگە ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاقوەسانەوە تاوەکو پارکی جەنگەڵی شێخ تەپەی #ورمێ#، لەم ساڵانەی دواییدا بوونەتە شوێنی ئارام بۆ گیرۆدەبووانی #ماددەی هۆشبەر#، بۆیە ئێستا بەرپرسانی #کرماشان# و ورمێ، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی گیرۆدەبووانیان لە شوێنە گشتییەکان دەستپێکردووە.
بەشێکی ئەو کەسانەی لە شوێنە گشتییەکاندا ماددەی هۆشبەر دەکڕن و، بەکاریدێنن. هەر لەو شوێنانەدا ڕۆژ دەکەنەوە.
رەزا شیرزادی، فەرماندەی پۆلیسی کرماشان دەڵێ فەرمانیان بە هێزەکانیان کردووە هەڵمەتی کۆکردنەوەی گیرۆدەبووانی ماددەی هۆشبەر و کارتۆنخەوەکان لە شوێنە گشتییەکاندا دەستپێبکەن، مەبەستیشیان لەو کارە: کەمکردنەوەی ڕێژەی دزیکردن و مسۆگەرکردنی ئاسوودەیی هاونیشتمانیانە. بەگوتەی فەرماندەی پۆلیسی کرماشان زۆربەی دزییەکان لەو پارێزگایە، لەلایەن گیرۆدەبووان بە ماددەی هۆشبەرەوە ئەنجامدەدرێن.
لە ورمێش پارێزگار ڕایگەیاندووە کاتێک لەماوەی نەورۆز گیرۆدەبووانیان لە شوێنە گشتییەکان کۆکردبوونەوە، ژمارەی دزی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردبوو، قوربانعەلی سەعادت، پارێزگاری ورمێ دەڵێ پشتیوانی لەو هەڵمەتە دەکەم، کە لە دووشەممەوە دەستیپێکردووە بۆ کۆکردنەوەی گیرۆدەبووان بە ماددەی هۆشبەر.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوی نزیکە 170 هەزار کەس وەکو گیرۆدەبوو بە ماددەی هۆشبەر تۆمارکراوە، بەڵام لەو ژمارەیەش ڕێژەیەکی کەمیان لە شارە گەورەکاندا، بە گیرۆدەبووی بێ ماڵوحاڵ لەقەڵەم دەدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنی پێویستیان بۆ تەرخاننەکراوە، بۆیە دوای چەند هەفتەیەک، ئەو کەسانەی لە شەقامەکاندا کۆدەکرێنەوە، ئازاد دەکرێن و دووبارە دەگەڕێنەوە شوێنە گشتییەکان.
فەرماندەی پۆلیسی سنە دەڵێ دەتوانن لەماوەی 48 کاژێردا سەرجەم گیرۆدەبووان لە شوێنە گشتییەکاندا کۆبکەنەوە، بەڵام شوێنی پێویستیان بۆ ڕاگرتن و پێدانی چارەسەر بە گیرۆدەبووان نییە.
سەرەڕای ئەو هەوڵانەش، ڕێژەی وردە فرۆشەکانی ماددەی هۆشبەر لە گرتووخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە بەتایبەت لە پارێزگای کرماشان، کە ڕێژەی 30%ی گیرۆدەبووانی ماددەی هۆشبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆدەگرێت.
بەگوتەی داواکاری گشتیی کرماشان، ڕێژەی دەستگیرکردنی وردەفرۆشەکانی ماددەی هۆشبەر لەو پارێزگایە 177% بەرزبووەتەوە. دەشڵێت لە چوارمانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هەزار و 200 وردە فرۆشی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە.[1]
31-08-2017