ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای #تلکێف# ڕای دەگەیەنێ، کە سەرەڕای ئەوەی #داعش# لە قەزاکەیان دەرکراوە، بەڵام بەهۆی بوونی چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە، تا ئیستا ڕێژەیەکی زۆر کەمی خەڵکی تلکیف گەڕاوتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
شێخ ئەمجەد ڕەشۆ، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای تلکێف بۆ (باس)ی ڕوون کردەوە کە بەرلەوەی تیرۆریستانی داعش هێرش بکەنە سەر قەزای تلکێف، 54 هەزار کەس لە ناوەندی قەزاکە و گوندەکانیدا نیشتەجێ بوون. دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش قەزاکەیان داگیر کرد، بەشی هەرە زۆری خەڵکی تلکێف ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون، تەنیا هەندێک عەرەب مانەوە، ئەوانیش چوونە مووسڵ و خۆیان گەیاندە نێو تیرۆریستانی داعش.
رەشۆ، گوتیشی: لە مانگی ئاداری ساڵی 2017دا قەزای تلکێف ڕزگار کرا، هەتا ئێستا تەنیا 4750 کەس لە دانیشتووانی قەزاکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
ئاشکراشی کرد: هەتا حەشدی شەعبی پاراستنی ئەمنیەتی قەزاکەی لەدەستدا بێت، خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە دوودڵ و نیگەرانن لە ژیانی خۆیان، هەندێک لە خەڵکی تلکێف بەره و هەندەران کۆچیان کردووە و هەندێکیش ئاوارەن و لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن، زۆرینەی عەرەبی قەزاکەش چوونە نێو ڕیزەکانی تیرۆریستانی داعشەوە، ئەوانەی چوونەتە نێو داعشەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێ بە گەڕانەوەیان نادرێت چونکە دەستیان لەگەڵ تیرۆریستاندا تێکەڵ کرد و بوونە هاوکار و پشتیوانی داعش.
شێخ ئەمجەد ئەوەشی خستە ڕوو، هەتا ئێستا تەنیا 600 بۆ 700 فەرمانبەر و کارمەندی میری گەڕاونەتەوە، ئەوانەی دیکەش هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، پێشتر پتر لە دوو هێندەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە فەرمانبەر و کارمەند لە تلکێفدا هەبوون، هەروەها تیرۆریستان چوار بینای حکوومەتیان تەقاندووەتەوە لەگەڵ ماڵی کریستیانی شارەکە، تیرۆریستانی داعش بە ڕێژەی 6% زیانیان بە قەزای تلکێف گەیاندووە.
ئه و هەروەها ڕوونیشی کردەوە: بازاڕی تلکێف کراوەتەوە و ژیان زۆر ئاساییە، بەڵام هێشتا ترس لەنێو دڵی خەڵکدا هەیە، ناتوانن بەدڵنیاییەوە بگەڕێنەوە، بە تایبەتی هیچ کارێک بەبێ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی حەشدی شەعبی لە قەزای تلکێف ناکرێت. ئەوان دەڤەرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە. لە قەزاکەدا پۆلیسی عیراق و حەشدی شەعبی هەن، بەڵام هەموو کارێک لە دەستی حەشدی شەعبیدایە.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی قەزای تلکێف زیاتر گوتی: ”ئه و خەڵکانەی گەڕاونەتەوە دەڤەرەکە خەریکی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتن، هەندێکیش خەریکی کاری کشتوکاڵن، وەکی دی هیچ دەرفەتێکی کار لە تلکێفدا نییە. ئه و گەنجانەی لەگەڵ خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە بێکارن و هیچ دەرفەتێکی کارکردن تا ئێستا لە تلکێفدا بەدەست نەهاتووە. هەڵبەت بێ له و کەسانەی کە دووکان یان فرۆشگایان هەیە لەپاڵ پۆلیس و فەرمانبەراندا گەڕاونەتەوە نێو قەزاکە، ئەگەر نا هیچ پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە لە دەڤەرەکەدا نییە و جووڵەی کارکردن گەلێک لاوازە.
شێخ ئەمجەد ڕەشۆ ئەوەشی گوت: ئاوی خواردنەوە هەتا ڕادەیەک باشە، بەڵام هەموو بوارێکی خزمەتگوزاری باش نییە، وەک ڕێگەوبان و ئه و پێنج تەلارەی حکوومەت و هەندێک ماڵی مەسیحی لە سەردەمی تیرۆریستانی داعشدا تەقێندرابوونەوە، وەک خۆیان بە کەلاوەیی ماونەتەوە، هەتا ئێستا حکوومەتی بەغدا هیچی بۆ تلکێف نەکردووە.
ئه و ڕوونیشی کردەوە، لەبەر خەمساردی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی قەزاکەی، قایمقامی قەزای تلکێف لە کارەکەی لادرا، هەتا ئێستاش قایمقامێکی نوێ بۆ قەزاکە دانەدراوە، پۆستی قایمقامی تلکێف مافی کریستانەکانە، بەڵام عەرەب هەوڵ دەدەن ئه و پۆستە وەربگرن. ئێمە وەک ئەنجومەنی قەزا ڕازی نابین، چونکە هەتا ئێستا پێنج عەرەب فۆرمیان وەرگرتووە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی قایمقامی تلکێف، ئەم پۆستەش مافی مەسیحییەکانە و نابێ کەسێکی عەرەب ئه و پۆستە وەربگرێت.[1]
31-08-2017