دانیشتوانی شاری #کەرکووک# پێیانوایە نەوتی کەرکووک هیچکات نەبووە بە خێر و بەرەکەت بۆ هاوڵاتیانی شارەکە، سەرۆکی ئەندازیارانی نەوتی باکوریش دەڵێت نەوت تەنها لە کاتی پترۆدۆلار بەسوود بووە بۆ دانیشتوان و خزمەتکردنی شاری کەرکووک.
حکومەتی ناوەند و #حکومەتی هەرێم# ڕۆژانە نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی کێڵگە نەوتییەکانی #هاڤانە# و #بای حەسەن# و #بابەگوڕگوڕ# و #خەباز# و #جەمبور#ەوە دەردەهێنن کە دەکاتە نزیکی 420 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، هاوکات شاری کەرکووک یەکێکە لەو شارانەی کەمترین خزمەتگوزاریی تێدایە.
محمدعەبدوڵا، هاوڵاتییەکی کەرکووکییە و پێشمەرگەیە، بۆ ڕۆژنیوز وتی:هەموو کەسێک دەزانێت کێ نەوتی کەرکووک و داهاتەکەی دەبات، هەر ئەم حکومەتە دەیبات، خەڵکی کەرکووک لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم کەوتوەتە ژێر پێیوە، خەڵکی ئەم شارە تەنیا دووکەڵ و نەهامەتییەکەی بۆ دەمێنێتەوە، خەڵکی تەواو بێزار بووە لەم شارە، هەرچی کێشەی حزبەکان و کێشەی نێوان بەغدا و هەرێم هەیە ڕووبەڕووی خەڵکی کەرکووک دەبێتەوە.
محمد وتیشی جێگەی قبوڵکردن نییە لیترێک بەنزین 100 دیناری گران بووە، ئێمە چەند ساڵە دەڵێین لەژێر دەسەڵاتی بەعس بووین و ڕەزاڵەتمان کێشاوە چاوەرێی ئەو حکومەتە کوردییەمان دەکرد، ئەو حوکمەتە کوردییەش بەو شێوەیەیە کە ئاوا خەڵک عەزیەت دەەدا، لەلایەک باسی ڕیفراندۆمم بۆ دەکات، جارێ زۆری ماوە بۆ ڕیفراندۆم، چونکە خەڵکەکەت برسییە، هیچ کوردێک حەزناکات لەژێر ئاڵای عێراقدا حوکمی بکرێت، ئێمەش پێمانخۆشە دەوڵەتمان هەبێت، بەس ئەمانەی نیازی دروستبوونی دەوڵەتیان هەیە خەڵکیان کوشتووە لە برسان، بەڕاستی بارودۆخی خەڵکی زۆر زۆر خراپە، ڕۆژانە برۆ سەیری تورکیا بکە بزانە خەڵکی ئەم هەرێمە چەند کۆچ دەکەن و سەری خۆیان هەڵدەگرن بۆ دەرەوەی وڵات، چونکە ئومێدی هەیە لەوێ بەشی خۆی بۆ سەرف دەکرێت، ئەی خێرە لێرە بەشی نەوتی خۆی بۆ دابین ناکەی؟ بەس بزانم ئەم هەموو پارەیە ئەچێتە گیرفانی کێ؟
شیڤان شوانی وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی سەبارەت بە نەوتی کەرکووک، بۆ ڕۆژنیوز وتی:من وەکو دانیشتوویەکی شاری کەرکووک، لەوەتەی لەدایک بووم هیچ سوودێکم لە نەوتی شارەکەم وەرنەگرتووە، هەموو وڵاتانی دونیا چاویان لەم کەرکووکەیە نەک لەبەرئەوەی پەرۆشمان بن و خۆشیان بوێین، بەڵکو تەنها لەبەرئەوەی نەوتمان هەیە، بەڕاستی نەوتی ئەم شارە بۆ هەموو دونیا دەڕوات، ئایە داهاتەکەی لە کوێیە، بەڕاستی خەڵکی ئەم شارە بێزارن لەبەرئەوەی نەوتەکە هیچ داهاتێکی دیارنییە.
هاوڵاتییەکی تری شارەکە بە ناوی عەلی شوکر بۆ ڕۆژنیوز وتی:بەڕاستی نەوتی کەرکووک هیچ سوودێکی نەبووە بۆمان، من وەکو هاوڵاتییەکی پێموایە کە ناوەند لەلایەک دەیبات و هەرێم لەلایەکی تر دەیبات، هیچ سوودێکی نەبووە بۆ ئێمەی کەرکووکی، لەکاتێکدا لەسەر دەریایەک نەوتین، جاری وا هەیە بە دوو ڕۆژ بە سێ ڕۆژ جاری وا هەیە بە هەفتە نۆرە دەگرین بۆ 50 لیتر نەوت، هیوادارین کەمێک بەخۆیاندا بچنەوە.
فەرهاد هەمزە، سەرۆکی ئەندازیارانی نەوتی باکور بۆ ڕۆژنیوز وتی:ئاشکرایە لە دوای هاتنی داعشەوە ئەو کێڵگانەی کەوتونەتە سنوری شاری کەرکووکەوە بەسەر دوو بەشدا دابەش بوون، بەشێکی کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بریتین لە کێڵگەکانی هاڤانە و بای حەسەن کە لە توانایدایە ڕۆژانە 250 تا 260 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، بەشەکەی تری کە کێڵگەکانی بابەگوڕگوڕ و خەباز و جەمبورە، لەژێردەسەڵاتی کۆمپانیای نەوتی باکورە کە حکومەتی ناوەند بەرێوەی دەبات و لە توانای دایە ڕۆژانە 160 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت.
هەروەها وتیشی:لە داهاتی ئەو نەوتەش کە لەکەرکووکەوە دەردەهێندرێت حکومەتی ناوەند تەنها مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی شارەکە دەنێرێت بێ ئەوەی یەک ڕۆژ دوابکەوێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک نانێرێت بۆ خزمەتگوزاری و پرۆژە و ئاوەدانکردنەوە، ئەو نەوتەی کە هی شاری کەرکووکە و لە ڕێی حکومەتی هەرێمەوە دەفرۆشترێت لەداهاتەکەیدا مانگانە تەنها 10 ملیون دۆلار بۆ شاری کەرکووک دەنێردرێت، کە ئەو بڕەش دیسانەوە هەموو پێداویستییەکانی شاری کەرکووکی پێ پڕناکرێتەوە، خەڵکی کەرکووکیش ڕازی نین کە لە داهاتی نەوتەکە.
فەرهاد هەمزە وتیشی:نەوتی کەرکووک تەنها ئەو کاتە خزمەتی بە شاری کەرکووک گەیاندووە کە پرۆژەی پترۆدۆلار هەبوو، بەڕاستی ئەو ئاوەدانیەی کەرکووک لە ماوەی ساڵەکانی 2011 تا 2013 بەخۆیەوە بینی بەرهەمی پرۆژەی پترۆ دۆلار بوو، بەڵام بەداخەوە بە هۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە، ئەو پرۆژەیە وەستاوە و هیچ بڕە پارەیەک نانێردرێت بۆ شارەکە.
ئەو ئەندازیارە وتیشی:لەو نەوتەی کە لەژێر دەسەڵاتی نەوتی باکورە، بەشێکی دەنێرن بۆ پاڵاوگەکانی کەرکووک و بازیان و کەڵەک و بەغدا، بەمەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی وەک نەوت و بەنزین و گاز بۆ شاری کەرکووک، بۆیە بەشێکی کەمی ئەو نەوتە دەنێردرێتە دەرەوە. [1]
01-09-2017