لە یەکێک لە گوندەکانی سنووری شارۆچکەی #پێنجوێن#، درووستکردنی گوندێکی بچووک، لەسەر شێوەی گوندە کۆنەکانی کوردستان، سەرنجی زۆری هاووڵاتییان و بەتایبەتیش ئەو گەشتیارانەی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە، کە ڕوو دەکەنە سەیرانگاکانی سنوورەکە.
ئازاد ئەحمەد، ئەو هاووڵاتییەیە کە دانیشتووی گوندی کێلۆی نزیک شارۆچکەی پێنجوێنە و خاوەنی بیرۆکەی درووستکردنی گوندەکەیە، بە (باس)ی ڕاگەیاند: بیرۆکەی ئەم کارەم پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ناوچەکەمان سرووشتێکی جوانی هەیە و ناوچەیەکی گەشتیارییە، بەو پێیەی خەڵێکی زۆر لێرەوە دەڕۆن، بۆیە بیرم لەوە کردەوە، کە لە ماوەیەکی کەمدا بتوانم خۆبەخشانە ئەم خانووە بچکۆڵانەیە لەناو خانووەکەی خۆمدا، درووست بکەمەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە، ویستم لەم ڕێگایەوە دڵی ئەو کەسانەخۆش بکەم، کە هێشتا خوازیاری بینینی سرووشتی جوان و دڵگیر و کۆنی کوردستان و گوندەکانن.
سەبارەت بەو کەرەستانەی بۆ درووستکردنی خانووەکان بەکار هاتووە، ئازاد وتی: هەمان ئەو بەرد و دارەیە کە ماڵی پێ درووست دەکرێت، بەڵام بۆ سەقفەکەی کۆنکرێتم بەکار هێناوە، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە و بەرگەی سەرما و گەرما بگرێت.
جەختیشی کردەوە، لەبەر ئەوەی گوندەکەیان لەسەر ڕێگایەکی ستراتژییە و کەوتووەتە نێوان هەر سێ سەیرانگای (نۆبوک، سێچاکان، سێکوان) هەموو کات دەرگامان بە ڕووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا کراوەیە، بەتایبەتیی ڕۆژانەی هەینی ئەو کەسانەی بەوێدا دەڕۆن هەتا نەیەن لای خانووەکان و وێنەی لەگەڵدا نەگرن ناگەڕێنەوە.
لەبارەی شێوازی درووستکردنی گوندە بچووکەکەیەوە، ئازاد ئەحمەد نەیشاردەوە، کە ئەو شێوازەی بۆ درووستکردنی خانووەکانی بەکار هێناوە، هەمان ئەو شێوازە کۆنەی گوندەکانی جارانی کوردستانە، بەشێوەیەک خانووەکان لە دوو قات پێکهاتوون، قاتی خوارەوەیان زیاتر بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە، پێیان گوتووە خان و خاوەنماڵ و خێزانەکانیش لە قاتی سەرەوەدا دانیشتوون.
وتیشی: مامەڵەی نەرم لەگەڵ بەردی ڕەقدا، شتی جوانی لێ بەرهەم دێت، هەر بۆیە کاتێک خانووەکانم درووستک کرد، پێویستم بە هاوکاری هەبوو، چونکە بەتەنیا ناکرێت، بۆیە لەگەڵ خێزانمدا کارەکەم تەواوکرد. ئەو بەردانەی بۆ جوانکاریی دەوروبەری گوندە بچووکەشم بەکار هێناوە، هەر یەکە و لە شوێنێکی سنووری پێنجوێنەوە هێناومن“.
لە کۆتاییشدا ئازاد ئەحمەد وتی: هەر خانوویەک ماوەی (24) کاتژمێری ویستووە، خەڵکێکی زۆر هاتووە داوای زانیارییان کردووە کە ئایا چۆن خانووەکانم درووستکردووە.
شایەنی باسە، گوندی کێلۆ، نزیکەی (10) کیۆمەتر لە مەڵبەندی شارۆچکەی پێنجوێنەوە دوورە.[1]