ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (#یەپەگە#) ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی ئابی بڵاوکردوە کە تێیدا 1244 چەکداری داعش کوژراون و 109 شەڕڤانیش گیانیان لەدەستداوە.
ئامارەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوەو تێیدا باس لەوە کراوە کە لە مانگی ئابدا 158 جار سوپای تورکیا و هێزەکانی نزیک لەو سوپایەوە بۆ تۆپ و هاوەن و تانک هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی یەپەگە و یەپەژە و هاوڵاتیانی مەدەنی.
هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی سیخوڕی سوپای تورکیا هەشت جار ئاسمانی ڕۆژئاوای کوردستانیان بەزاندووە بە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیاری، سوپای پیادەی تورکیا دوو جار سنوری ڕۆژئاوای کوردستانیان بەزاندووە.
راگەیەندراوەکە باسی لەوەش کردووە کە لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا حەوت هاوڵاتی مەدەنی برینراربوون و لە عەفرینیش چوار شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ڕەققەوە کە هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە وەک بەشێک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات تێیدا بەشدارن، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە لەو مانگەدا توانیویانە دوو هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەدەستی داعش ڕزگاربکەن و لەسەدا 65ی شارەکەش کۆنترۆڵبکەنەوە.
هەر بەپێی ئامارەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە، لە مانگی ئابدا هەزار و 244 چەکداری داعش کوژراون کە تەرمی 76 چەکداریان کەوتۆتە دەستی یەپەگە، هەروەها سێ چەکداریش بەدیل گیراون و 28 ئۆتۆمبێلی بۆمڕێژکراو پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان لەلایەن شەڕڤانانەوە تەقێندراونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە لە شەڕی ڕهققە و شەدادێ-دا 109 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوەی بە ڕووداوی دیکە هەشت شەڕڤان گیانیان لەدەستداوەو سێ شەڕڤانیش بە نەخۆشیی گیانیانلەدەستداوە.[1][2]
03-09-2017