ڕۆژنیوز، بەرهەم و بۆتان
بەهۆی نەخۆشییەوە، #هەنجیر#ی #سەرتەک# پێش ئەوەی پێبگات دەوەرێت و دەترشێت، ئەمەش خاوەن باخەکانی سەرتەکی نیگەران کردووە لە بەری ڕەنجی ئەمساڵیان و زیانگەیاندن بە ناوبانگی هەنجیرەکەیان.
هەنجیری سەرتەک ناوبانگی زۆری هەیە لە باشوری کوردستان و دەوترێت لە هەنجیری ناوچەکانی دیکە زۆر بەتامترە، بەڵام ئەمساڵ هەنجیرەکە پێش ئەوەی پێبگات، بە دارەکەوە دەترشێت و دەوەرێت.
نەبەز هۆرێنی، خاوەن باخ لە گوندی سەرتەک، سەبارەت بە جۆری نەخۆشییەکە و هۆکارەکانی دروستبوونی بە ڕۆژنیوزی وت:گۆڕانکاریی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە هۆکارێکە، هۆکاری تریشی هەیە، کە تاوەکو ئێستا نە ئێمە ئەو هۆکارە دەزانین، نە فەرمانگە کشتوکاڵییەکانیش توانیویانە بیدۆزنەوە.
هۆرێنی، ئەوەشی خستەڕوو:ئەم نەخۆشییە هەر لە هەنجیرەکانی نەداوە، بەڵکو هەناریشی داوە، هەنارەکانیش ڕەش دەبنەوە و دەترشێن و دەوەرن.
مریەم ڕەحیم، دەیان ساڵە سەرقاڵی باخدارییە لە گوندی سەرتەک، وەک خۆی دەڵێت، هیچ ساڵێک بەرهەمی باخە هەنجیرەکانی هێندەی ئەمساڵ زۆر نەبووە، بەڵام نیگەرانە لە خراپ بوونی بەرهەمەکەی و بۆ ڕۆژنیوز وتی:ئەگەر ئەم نەخۆشییە نەبوایە، ئەمساڵ باخەکەم نزیکەی دوو تۆن بەرهەمی هەنجیری دەبوو.
مریەم ڕەحیم، وتیشی:ئەم نەخۆشییە ساڵانی پێشوویش هەبووە، بەڵام وەک ئەمساڵ نەبووە، چارەسەریشی نییە، حکومەتیش هیچ پرۆژەیەکی نەبووە بۆ خاوەن باخەکان.
بەوتەی خاوەن باخەکان، لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستانەوە کڕیار بۆ دەستکەوتنی هەنجیر ڕوودەکەنە سەرتەک، بەڵام وەک خاوەن باخێک دەڵێت، کە خراپی بەرهەمی ئەمساڵی هەنجیرەکەیان، کاری لەسەر ناوبانگیشی کردووە.
فاروق عەلی، خاوەن باخێکی ترە لە گوندی سەرتەک، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی:هەنجیری سەرتەک لە هەرێمی کوردستاندا بەناوبانگترین هەنجیرە، لە سلێمانی، کەرکووک، بەعقوبە و هەولێر و زۆربەی ناوچەکانی تریشەوە، خەڵک دێن بۆ ئێرە بۆ هەنجیر کڕین، بەڵام ئەم نەخۆشییە کاریگەری خراپی لەسەر ناوبانگی هەنجیرەکەش دروستکرد.
گوندی سەرتەک دەکەوێتە بناری شاخی بەمۆ، لە سەرتەک نزیکەی 80 باخ هەن، لەزۆربەی باخەکانیشدا هەنجیر چێندراوە، بەوتەی جوتیارانیش بەرهەمی ساڵانەی هەنجیری ئەو گوندە خۆی دەدات لە 60 تۆن.[1]
07-09-2017