ڕۆژنیوز، بەرهەم و بۆتان
لەم وەرزی گەرمای هاوینەدا، سەیرانگای #سەرتەکی بەمۆ#، بەهۆی کەشوهەوا گونجاوەکەی و دڵگیریی سروشتی ناوچەکە، بووەتە جێگای سەرنجی بەشێک لە گەشتیاران و بە شێوەیەکی بەرچاو گەشتیاران ڕووی لێ دەکەن.
سەیرانگای سەرتەکی بەمۆ، دەکەوێتە بناری شاخی بەمۆ، بەهۆی کەشوهەوا گونجاوەکەی و دڵگیریی سروشتی ناوچەکە، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لەو سەیرانگایە دەکەن.
گەشتیارێک بەناوی نەوزەر ئەحمەد، کە لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانەوە ڕووی لە سەیرانگای سەرتەکی بەمۆ کرد، بۆ ڕۆژنیوز وتی: سەیرانگای سەرتەکی بەمۆ شوێنێکی خۆشە، کەشوهەواکەی تاڕادەیەک لەبارە، دار و درەختی زۆریشی لێیە، خەڵکێکی زۆریش ڕووی لەم ناوچەیە کردووە.
ئەو گەشتیارە، وتیشی: بە گشتیی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، دەستی خزمەتگوزاری زۆر کەم پێگەشتووە، خزمەتگوزاری زیاتری لێ بکەن باشترە، هەم بۆ خەڵک باشترە و زیاتر ڕووی لێ دەکات، هەم بۆ حکومەتیش داهاتی هەیە.
حسێن سەعید، گەشتیارێکی تر کە لە شاری کەرکووکەوە هاتبووە سەرتەکی بەمۆ، بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە هەم سەردانی خزم و کەسوکارمان کردووە، هەم هاتووین بۆ ئێرەش، ئێمە چەندە لێرە بین خۆشە بۆمان، چونکە کە دەگەڕێینەوە کەرکووک ئەم خۆشییەی ئێرەی لێ نییە، بەراورد بە کەرکووکیش کەشوهەوای ئێرە زۆر خۆش و فێنکە.
ئەحلام سەعید، گەشتیارێکی دیکە، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: ئێمە لە شاری هەولێرەوە هاتووین، هاتووین لێرە جەوێک بگۆڕین، داواکاریشین ئەو کەسانەی کە دێنە ئەم شوێنە گەشتیارییانە، پاشماوەکانی خۆیان لێرە فڕێ نەدەن، بۆئەوەی لەدوای خۆیان خەڵکی تریش سودی لێ ببینن، شوێنەکە خۆشە و حەیفە پیس بکرێت.
هەروەها بەرا ئەکرەم، گەشتیارێکی بە ڕەگەز عەرەب، بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە لە شارۆچکەی خانەقینەوە هاتووین، هاتووین بۆ ئەم ناوچە جوانە، لێرە ناوچەیەکی گەشتیاری خۆشە و ئارامە.
ئەوەشی وت: پێشوازی خەڵکی ئەم ناوچەیەش لە گەشتیاران زۆرباشە، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەڵسوکەوت و پێشکەشکردنی هاوکاری زۆرباشن لەگەڵمان.[1]
09-09-2017