بە گوێرەی نووسراوی فڕانس 24، سەرکردەکانی #هەرێمی کوردستان# خوازیاری بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ڕۆژی 25ی سێپتێمبێری 2017 بوون بەڵام دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانییەکان یەکدەنگ بوون لە دژایەتیی ئه و پرسەدا و لە کۆمەڵگای کوردی هەرێمی کوردستانیش ژمارەیێک ناڕازی هەیە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، #مەسعوود بارزانی# سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 7ی جوونی 2017 ڕایگەیاند: لە دانیشتنەکەی خۆی لەگەڵ ژمارەیێک حزبی کوردستانی ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی 25ی سێپتێمبێری 2017 گشتپرسیی سەربەخۆیی بەڕێوە بچێت.
ماڵپەڕی فڕانس 24 لە ڕاپۆرتێکدا نووسیی زۆرینەی ئه و بەرپرسە بیانییانەی سەردانی بەغدا و هەرێمیان کردووە داوایان لە سەرکردە کوردەکان کردووە له و داوایەی خۆیان پاشگەز ببنەوە و ڕیفراندۆم بۆ کاتێکی دیکە دوابخەن لە بەر ئەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستاکە نالەبارە و شەڕی داعش لە عێراق کۆتاییی پێنەهاتووە.
فڕانس 24 لە درێژەدا نووسیویەتی: کوردستان ئێگزیت یان چوونەدەرەوەی کوردستانی عێراق لە هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی ناوەندی کارەساتی لێدەکەوێتەوە. سەرەڕای ئەوەش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم پاڵپشتیی کەمی لەگەڵە چوونکە بە وتەی ئه و میدیایە دەسەڵاتی ناوچەکە و جیهان دراوسێکانی هەرێمی کوردستان هەروەهاش ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی هاوڕا نیین لەگەڵ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لەم کاتەی ئێستاکەدا. سەرەڕای ئەوەش لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان هەندێک ناڕازین کە لەم دۆخەی ئێستاکەی هەرێمدا ڕێفراندۆم بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی نووسراوی فڕانس 24 پێشمەرگە وەکوو ئامێرێک لە شەڕی دژ بە داعشدا بەکارهێنراوە و زۆرینەی بەرپرسە کوردەکان لەسەر ئه و بڕوایەن بەڕێوە بردنی ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی کارتی گوشاری بارزانی دژ بە بەغدا، تەنانەت زۆر لایەن قەناعەتیان بەوە هێناوه هەرێمی کوردستان –کە نەیتوانیوە دژایەتییە نێو دەوڵەتییەکان هەمبەر ڕیفراندۆم پێشبینی بکات- پاروویێکی گەورەی ناوە.
بە گوێرەی ئه و ڕاپۆرتە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی تەنگژەی زۆری لێدەکەوێتەوە چوونکە لە بەر پشێوەی ناوچەکە و بەتایبەت لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی عێراق و سووریا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت یەکپارچەییی خاکی عێراق بپارێزێت و حەزیش ناکات بشێوەیێکی تر پاش دابەشبوونی وڵاتێک سەرهەڵبدات. هۆکارێکی تر بۆ سەرهەڵدانی تەنگژە پاش ڕیفراندۆم ئەوەیە بڕیارە گشتپرسی لە ناوچە جێناکۆکییەکانی عێراقدا بەڕێوەبچێت. لەم نێوانەدا کەرکووک بە بۆنەی نەوتەکەیەوە کە هەم هەرێم و هەم بەغدا شەڕی لەسەر دەکەن لە ناوەندی ئه و ململانێیەدایە.
فڕانس 24 لە کۆتاییدا نووسیویەتی: بە ڕای ژمارەیێک لە شرۆڤەکاران و دیپلۆماتەکان ئەگەری بەدواخستنی ڕیفراندۆم هەیە بەڵام دەبێت لە بەرانبەردا زەمانەتێکی فەرمی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە هەبێت کە ئاکامی ڕیفراندۆمێکی تر لە داهاتوودا قبووڵ بکرێت و داوای کوردەکانیش لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە ڕەوا بزانرێت. [1]
10-09-2017