بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
گەلی کوردستان ئەزموونێکی سەدساڵەی پڕ لە نەهامەتی لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراقیدا تێپەڕاندووە. لەم سەد ساڵەدا شەراکەت جێبەجێ نەکرا و گەلی کوردستان تووشی #ئەنفال# و کیمیاباران بوو. لەپێناو گەییشتن بە ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە شەڕ و گرفتی زیاتر گەلی کوردستان، بڕیاری داوە ڕیفراندۆم بکات و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.
ئەو هەنگاوە مافێکی سرووشتی و ڕەوای خەڵکی کوردستانە و ناکۆک نییە لەگەڵ هیچ بنەمایەکی ئاسمانی و ئینسانی. جێبەجێکردنی ئەو مافە بە هیچ شێوەیەک بە مانای دژایەتیکردن هیچ پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئایینیی گەلی عێراقی نییە، بەڵکو ئەوە دانانی بنەمایەکی پتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە تێکدانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی کوردستان و گەلی عێراق.
هەر جۆرە لێدوان و هەڵسوکەوتێک کە بۆنی دژایەتیکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی لێ بێت هیچ پەیوەندییەکی بە بەها بەرزەکانی گەلەکەمان و سیاسەتی هەرێمەوە نییە و زۆر دوورە لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی گەلی کوردستان.
لەو کاتەی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین، بە دڵنیاییەوە هەڵسوکەوتی ستەمکارانەی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق لەدژی گەلی کوردستان لەگەڵ برایەتی گەلی کوردستان و گەلی عێراق تێکهەڵ ناکرێت. ڕیفراندۆمیش بە هیچ شێوەیەک کار ناکاتە سەر بەردەوامی دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی عێراق بەڵکو قووڵتر و پتەوتری دەکات. ئێمە دەزانین کە گەلانی عێراقیش قوربانی دەستی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بوونە و لەگەڵ گەلی کوردستان لە یەک سەنگەردا بوونە.
داوا لە هاووڵاتیانی کوردستان دەکەین کە لە کاتی دەربڕین لە ئیرادە و مافەکانیان ڕەچاوی بەها بەرزەکانی گەلەکەمان و فەرهەنگی برایەتی و پێکەوەژیانی مێژوویی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بکەن. خوشک و برایانمان لە عێراق دەبێ بزانن کە گەلی کوردستان هۆکاری تێکدانی یەکپارچەیی و شەراکەت و ژیانی هاوبەش لە عێراق نەبووە بەڵکو ڕژێمە ستەمکارەکان و حکوومەتەکانی عێراق و سیاسەتی ئینکار هۆکاری سەرەکیی تێکدانی پێکەوەیی و یەکپارچەیی بوون.
#مەسعود بارزانی#
10-09-2017