خەندان، خۆشناو حسێن
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەپێی ئاژانسێکی تورکی، شەوی ڕابردوو 70 بارهەڵگر هاوکاریی سەربازیی ناردوە بو شەڕڤانان لە باکوری شاری ڕەققە.
بە پێی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، ئەمەریکا بە شەوی ڕابردوو 70 بارهەڵگر هاوکاریی سەربازیی لە ڕێگای دەروازەی سێمالکا لە هەرێمی کوردستانەوە گواستووەتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە بارهەڵگرەکان 30 ئۆتومبێلی سەربازیان هەڵگرتبوو و بەشێکی تریشیان چەک و تەقەمەنیان پێ بووە.
بە پێی ئاژانسەکە لە 13،17، 21-ی ئاب و 3 ئەم مانگە بە گشتیی 330 بارهەڵگر هاوکاری لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتوەتە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ڕێگای حەسەکەوە بەرەو ڕەققە ڕۆیشتووە.
پێش ئەوەش لەرۆژانی 5، 12، 16، 21-26 حوزیران و لە 5، 9،13،17،27،31 تەمووز و تا 7 ئاب بە گشتی 1021 بارهەڵگر هاوکاریی سەربازیی گەیشتووەتە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕەققە، ئەوەش بە پێی ئاژانسەکە.
بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەست ئاژانسەکە کەوتووە، لەو هاوکاریانە 12 هەزار کلاشینکوف و شەش هەزار چەکی مامناوەند و 3 هەزار و 50 چەکی قورس و 3 هەزار ئاربیجی -7 جۆری ئەمەریکی و هەزار چەکی جۆری (AT-4) ئەمەریکی و جۆریSPG-9 تانکساڤاری ڕوسی بووە.
هەر بە پێی ئەو بەڵگانە، لە ناو ئەو چەکانەدا 235 تۆپی هاوەن و 100 قەناس و 450 دووربینی شەوی جۆری PV-7 و 150 دوربینی لیزەری گەیشتووە دەستی شەرڤانان.
وەزارەتی بەرگری تورکیا پێشتر ڕاگەیاندبوو کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بارەی ناردنی هاوکاریەکانی سەربازی بو هێزەکانی سوریای دیموکرات زانیاریی دەداتە تورکیا.[1]
10-09-2017