ڕۆژنیوز - ڕێزان محەمەد
ژیانی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە، ئامارەکانیش دەریدەخەن، کە #ڕێژەی هەژاری#ی لەم ساڵانەی دوایدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، هاوڵاتیانیش داوا لە حکومەت دەکەن کە مووچەکانیان باش بکەن.
بە گوێرەی ئامارێک کە فەرمانگەی ئاماری سلێمانیی بۆ ڕۆژنیوز-ی ئاشکراکرد، لە دوای دروستبوونی #قەیران#ەکان ڕێژەی هەژاریی لە هەرێمی کوردستان لەڕێژەی 3% بەرزبووەتەوە بۆ 15%، ئەمەش ئامارێکی مەترسیدارە.
مەهدی محەمەد، کەمئەندامە و ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت و دەڵێت: جێگای داخە کە سیستمی پاشەکەوتی مووچە خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکانیشی گرتەوە، زۆرترین مووچەمان 90 هەزارە و کەمترینشمان 60 هەزارە، ئەمە جگە لەوەی کە تازە بە تازە مووچەی مانگی 12ی ساڵی پار وەردەگرین.
مەهدی بۆ ڕۆژنیوز ئەوەشی وت: سەرەڕای هەبوونی خاکێکی پڕ نەوت و هەبوونی داهاتێکی زۆر، کەمئەندامان بێبەش نەکراون لەو زوڵمەی کە لێیان کراوە بە ناوی سیستمی پاشەکەوتی مووچە، کەمئەندامێک نەتوانرێت لەلایەن حکومەتەوە دارشەق یاخود عارەبانەی بۆ دابینبکرێت، ئەوە ئەو بەناو حکومەتە پشتی کەمئەندامان دەشکێنێت لە ڕووی ئابوورییەوە.
سەنگەر عوسمان، خاوەن پێداویستیی تایبەتە، سەبارەت بە ژیانیان بە ڕۆژنیوزی وت: ژیانمان زۆر خراپە، دەتوانم بڵێم لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئەم قەیرانەی کە دروستیان کردووە ئەگەر بۆ کەسێکی تەندروست یەکجار قەیران بێت، ئەوا بۆ خاوەن پێداویستییەکان دەجار قەیرانە، لەبەرئەوەی ناتوانن هەموو جۆرە کارێک بکەن.
ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتە وتیشی: لە ساڵی 2011 یاسایەک دەرچوو سەبارەت بە کەمئەندامان، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پێشێلکرا و هیچ بڕگەیەکی جێبەجێ نەکرا، سەرەڕای ئەوەی ئەو یاسایەش بە بێ ئامادەبوونی کەمئەندامان بڕیاری لەسەردرا، وە وەکو مارو پەیژەکە گەڕاوینەتەوە بۆ دواوە، جاران دەمانوت با یاساکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستا داوا دەکەین کە مووچەکەمان پێش دەرکردنی یاساکەی لێبێتەوە.
هەروەها ئەحمەد هەورامی، ئەندامی ڕێکخراوی ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری، بە ڕۆژنیوزی وت: لە دوای 26 ساڵ حکومڕانی ژیانی هاوڵاتیان بەرەو خراپی ڕۆشتووە، بەرەو خراپتریش دەڕوات لەبەرئەوەی دەسەڵاتداران نوێنەری ڕاستەقینەی ئەم گەلە نین.
ئەحمەد هەورامی، وتیشی: دەبینین کە مووچە سێ مانگ جارێک دەدرێت، وە خانەنشینان مووچەی ساڵی ڕابردوو تازە وەریدەگرن، کە ئەمەش بۆ بێ پلانی ئەم دەسەڵاتە دەگەڕێتەوە، خەڵک ئێستا لە بارودۆخێکدا دەژین لە ئاستێکدایە، کە لە خوار هێڵی هەژاریەوەن.
مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاماری پارێزگا سلێمانی، ئاماری ڕێژەی هەژاری بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکردو ڕایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2003-ەوە ڕێژەی هەژاری 3% بووە، بەڵام لەدوای قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان، واتە لە دوای ساڵی 2014-ەوە، ڕێژەی هەژاری گەیشتە 15% کە ڕێژەیەکی مەترسیدارە.[1]
12-09-2017