پێشبینی دەکرێت شەڕی #حەویجە# بەهەزاران خێزانی دیکە، ئاوارەی کەمپەکانی #کەرکووک# بکات، ئەنجوومەنی قەزای حەویجەش چاوی لە ئیدارەی کەرکووک و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، تاوەکو ڕێگە لە کارەساتی مرۆیی بگرن و ئامادەکاری پێشوەختە بکەن بۆ پێشوازی لە خەڵکی ئەو ناوچەیە.
ئەحمەد خورشید، ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای حەویجە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند ئەگەر شەڕەکە 20 بۆ 30 هەزار خێزان ئاوارە بکات، دووچاری کێشەیەکی گەورەی مرۆیی دەبینەوە، لەبەر ئەوەی ئامادەکارییەکان وەکو پێویست نین، حکومەتی عێراق دەڵێ تەنیا دەتوانین لە مەخموور و شەرگات ئامادەکاری بکەین، بەڵام خەڵکی حەویجە ناگەنە ئەو ناچانە، چونکە زۆر لێیان دوورن، ئەوەی نزیکە ناوچەی کەرکووک و عەلەمە، هیوادارین حکومەت گرنگی بەو دوو ناوچەیە بدات.
30 هەزار خێزانی حەویجە لەنێو حەوت کەمپی کەرکووکن، مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 10 هەزار خێزانی دیکە ئاوارە بن، ئیدارەی کەرکووک شوێن و هەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ پێشوازی لە ئاوارەکان دابینکردووە.
عەمار سەباح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی کەرکووک دەڵێ بە دووجۆر پلانمان داڕشتووە، لە خراپترین حاڵەتدا دەتوانین پێشوازی لە 65 هەزار کەس بکەین، لە هەر سێ میحوەری داقووق و مەکتەب خالید و دووبز ئامادەکاریی ئەمنی و مرۆیی دەکرێت، ئەگەر ژمارەکەش لەو توانایەی ئێمە زیاتر بوو، ئەوا هەماهەنگیمان لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین کردووە و کەمپ لەوێش ئامادەکراوە.
لە 10-06-2014 حەویجە کەوتە دەستی #داعش#، زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچەیە به چەپڵەڕێزان پێشوازییان لێکردن، ئەمە ڕێگەی خۆشکرد ماوەی سێ ساڵە داعش حوکمی قەزایەک و چوار ناحییە و نزیکەی 500 گوندی بکات، کە دەکاتە ڕێژەی زیاتر لە 30%ی خاکی پارێزگای کەرکووک.[1]
12-09-2017