گشتپرسی باشووری کوردستان یەکەم پرۆسەی دیموکراسییە لە مێژوویدا، #کەرکووک# بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا لەگەڵ هەولێر بڕیار دەدات.
لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای #هەڵبژاردن و ڕاپرسی# ئامادەکارییەکانی چڕکردوونەتەوە بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسی لەو شارە و ڕایدەگەیێنێت، تەنیا بنکە دەکەنەوە و وێستگە ناکەنەوە، چونکە کات کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە لە کەرکووک.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆن لە کەرکووک زیاتر 900 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان لە گشتپرسیدا هەیە، ئیدارەی کەرکووکیش دەڵێت لە هەموو ڕوویەکەوە هاوکاری کۆمیسیۆن دەبن، جگە لە چاودێری پرۆسەکە لە بواری ئەمنیی و لۆجستیش هاوکاری کۆمیسیۆن دەکەن.
عەلی شوانی، سەرۆکی لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند پرۆژەیەکمان داوەتە کۆمیسیۆنی باڵا و دەنگیشی لەسەر دراوە، ئێمە تەنیا بنکەی دەنگدان دەکەینەوە واتە وێستگە ناکەینەوە لەبەرئەوەی کاتمان کەم لەبەردەستە، هەروەها ئەم گشتپرسییە لیست و کاندیدی تێدا نییە، پرۆسەکە ئاسانتر دەڕوات ژماردن و جیاکردنەوەش ئاسانە.
کۆمیسیۆن بۆ ڕۆژی گشتپرسی داوای لە یەکێتی مامۆستایان و سەندیکای پارێزەران کردووە چوار هەزار ئەندامیان ڕابسپێرن وەک کارمەندی بنکەکانی دەنگدان پرۆسەکە بەڕێوەببەن.
کامەران عەلی، کارگێڕی لقی کەرکووکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەبنە بڕیاردەر، یاریدەدەرەکان دەبنە یاریدەدەری بنکەکان، بەڕێوەبەری بنکەکان لەیاساییەکان دەبن کە سەندیکای پارێزەران دیاریدەکەن.
لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێشتر لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان دژایەتی خۆیان بۆ گشتپرسی ڕاگەیاندبوو، بۆ ڕێگریکردن لەهەر دەستتێوەردانێک بەمەبەستی تێکدانی پرۆسەکە ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگا دەرگاکانیان بۆ کۆمیسیۆن واڵاکردووە و پلانی خۆیانیش بۆ ئەو ڕۆژە داناوە.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند هەموو دەرگاکانی نووسینگەکانمان و دام و دەزگاکانمان لەخزمەتیانن، لەبواری ئەمنیی و لۆجستییەوە چیمان پێبکرێت جگە لەچاودێریکردنی پرۆسەکە هاوکارییان دەکەین، ئەوانیش چیان بوێت بۆمانی دیاریبکەن تا هاوکارییان بکەین.
بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەکەرکووک زیاتر لە 900 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان لە گشتپرسی هەیە، بەڵام نزیکەی 200 هەزاریان هێشتا لەژێر دەستی داعش دەژین.[1]
12-09-2017