ڕۆژنیوز - هاوکار مستەفا
بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و بەپیتی خاکەکەی سنوری شارۆچکەی #پێنجوێن# بە بەرهەمهێنانی تەماتە و شوتی و بیبەر و دەیان بەرهەمی دیکە ناوبانگی دەرکردووە و جوتیارانیش جەخت لەوەدەکەنەوە کە دەتوانن بەشی پێداویستی ناوخۆیی تەماتە و شوتی دابینبکەن، بەڵام بەهۆی هێنانی بەرهەمی دەرەکییەوە بەرهەمەکانیان ساغ نابێتەوە.
جوتیارانی سنوری شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانی ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان بەتایبەت شوتی و تەماتە ڕووبەڕووی گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکانیان دەبنەوە.
سۆران نامیق، یەکێک لە جوتیارانی گوندی (کواوا) ی سەر بەشارۆچکەی پێنجوێن بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: جوتیارانی ئەم سنورە بەردەوام بە دەست چەندین کێشەوە دەناڵێنن بەتایبەت لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیاراندا، ئەوەش بەهۆی دانەنانی سنورێک بۆ هاوردەکردنی بەروبوومی دەرەکی لە ڕێگەی مەرزەکانەوە، کە وایکردووە بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران نەک هەر پارە ناکات بەڵکو دەبێت پارەش بدەین تا لەکۆڵمان دەبێتەوە.
سۆران وەک خۆی باسی کرد، ئەمساڵ ڕووبەری نزیکەی دوو دۆنم زەوی کردووە بە شوتی و بڕی یەک ملیۆن و 100هەزار دینار-ی تێداخەرج کردووە، بەڵام دوای بەرهەمهێنانی فرۆشتویەتیەوە بە تەنها 165هەزار دینار.
ئەو جوتیارەی پێنجوێن ئەوەشی وت: ئێمە ساڵانە ڕوبەڕووی هەمان گرفت دەبینەوە و هەتا نەڕۆینە سەر شەقام و دەست نەکەین بە هەڵڕژاندنی بەرهەمەکانمان و ڕێگە دانەخەین، بەرپرسانی حکومەت بە ئاگانایەنەوە بۆیە ئێستاش ناچارین کە دەبێت ئەو کارە بکەین ئەگەر گیانی خۆشمان لەپێناو مافەکانمان دانابێت.
هەروەها، کاوە حسێن، کە ڕۆژانە بەرهەمی جوتیاران دەکڕێتەوە و بەرەو عەلوەی سلێمانی دەبات بە ڕۆژنیوزی وت: ڕۆژانە زۆر نیگەران دەبم بەرهەمێکی خۆماڵی زۆر جوان، کە جوتیاران بەڕەنجێکی زۆر بەرهەمییان هێناوە دەیهێنن بەنرخێکی زۆر کەم دەیفرۆشنەوە کە هەندێک جاریش نرخەکە هێندە کەمبووە کاتێک بردومەتە عەلوە جوتیاری خاوەن بەرهەم قەرزاریش بووە لەسەر کرێی گواستنەوەی بەرهەمەکەی.
کاوە حسین، ئاماژەی بە جۆری ئەو بەرهەمانە کرد، کە ساغ کردنەوەیان زەحمەتە بۆ جوتیاران و وتی:بەرهەمەکانی تەماتە، شوتی، کولەکە، بیبەر، کاڵەک، سێو، ترێ و چەندین بەرهەمی تر لەکاتی پێگەیشتنیاندا نرخییان زۆر دادەبەزێت، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە تەنها بە داخستنی مەرزی باشماخ نابێت بە ڕووی بەرهەمی دەرەکییدا، بەڵکو دەبێت لەهەموو مەرزە فەرمی و نافەرمییەکانی هەرێمەوە ئەو بڕیارە جێبەجێبکرێت.
لەلایەکی دیکەوە بەختیار قادر، نوێنەری جوتیارانی سنوری شارۆچکەی سەیدسادق لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە ڕۆژنیوزی وت: جوتیاران توانویانە بەرهەمێکی زۆری جۆراو جۆری کشتوکاڵی بەرهەم بهێنن بەتایبەت تەماتە، کە دەتوانین دڵنیایی بدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بەشی ناوخۆیی پارێزگاکانی هەرێم تەماتە بەرهەم دەهێنین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەمەرزی باشماخ ئەگەر توانیبێتمان تا ڕادەیەک بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر دانانی باج لەسەر هاوردەکردنی بەروبومی دەرەکی وەک خۆیان جێبەجێبکەین، بەڵام بەگوێرەی ئەو بەدواداچونانەی کە بۆ مەرزەکانی تر کردومانە بڕیارەکان جێبەجێناکرێن ئەوەش وادەکات کە بەرهەمی ناوخۆیی نەتوانێت ڕکابەری بەرهەمی دەرەکی بکات لە نرخدا و دواجار جوتیاران باجەکەی دەدەن.
ئەوەشی ڕاگەیاند: بەفشار و هەوڵەکانی ئێمە وابڕیارە کە لە سبەینێ وە هاوردەکردنی تەماتە لە مەرزی باشماخەوە ڕابگیرێت هەروەها بۆئەوەی بتوانین زۆرترین سوود بە جوتیاران بگات لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا سەردانی مەرزی پەروێزخانمان کردووە لە ناوچەی گەرمیان لەوێش بەڵێنیان پێداوین کە سنورێک بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی تەماتە دابنرێت بەڵام نەکراوە بە بڕیار.
خستنە ڕووی گرفتی جوتیارانی سنووری شارۆچکەی پێنجوێن لە کاتێکدایە، کە دوێنێ بەرپرسانی ئیداری پێنجوێن و مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بڕیاریاندا کە لە سبەینێوە بۆ ماوەی یەک مانگ ڕێگە نەدرێت لە مەرزی باشماخەوە بەرهەمی تەماتەی ئێرانی هاوردە بکرێت.[1]
14-09-2017