دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
#وەزارەتی پەروەردە#ی هەرێم بەهاوکاری یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی #یونسکۆ# پڕۆژەیەکیان بەبڕی نزیکەی 13 ملیۆن یۆرۆ بۆ بەشێک لەقوتابخانەکانی هەرێم و چەند شارێکی تر ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممه 17ی ئەیلولی 2017، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی یونسکۆ لەشاری هەولێر کۆبوونەوە و پڕۆژەی گەیشتن بە کوالیتی گشتگیر بۆ فێرکردنی سەرەتایی و ناوەندی بۆ ئاوارە و ڕاگوێزراوان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە عێراقیان ڕاگەیاند.
پڕۆژەکە بودجەی لەلایەن یەکێتی ئەوروپا بە بڕی (12،6) ملیۆن یۆرۆ بۆ ئاوارە و ڕاگوێزراوانی شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و سەڵاحەددین و موسڵ و ئەنبار تەرخانکراوە.
بەپێی پڕۆژەکە، نزیکەی (2500) مامۆستا ڕاهێنانیان پێدەکرێت و (80) قوتابخانە نۆژەندەکرێنەوە و پێداویستییەکانیان بۆ دابیندەکرێت، هاوکات یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی یونسکۆ پێشبینییانکردووە کە زیاتر لە سەد هەزار قوتابی بگرێتەوە کە نزیکەی (21) هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن.
لە مەراسیمی دەستپێکی پڕۆژەکەدا، پشتیوان سادق، وەزیری پەرورەدەی هەرێم ڕایگەیاند بەداخەوە هەرێم بەپێی سەنگی خۆی و ئەو ژمارە زۆرە ئاواره و پەنابەرانەی ڕوویان تێکردووە کاری بۆ نەکراوە، بۆ نمونە ئەگەر خۆمان وەک هەرێم لەگەڵ لوبنان بەراورد بکەین کە لەچاو هەرێم ڕێژەی پەنابەرەکانی کەمترن، دەبینین ڕووی دەرەوە زیاتر لە لوبنان بووە، بۆیە دەبێت ڕێکخراوەکان لە ڕاپۆرتەکانیان بۆ وڵاتەکانیان، وردتر لە هەرێم بڕوانن و بە ئەرێنییەوە باسی هەرێم بکەن، باسی ئەو پێکەوەژیان و باوەشکردنەوەیەی هەرێم وەک پرسێکی ئینسانی بکەن.
وتیشی دەبێت ڕێکخراوەکان کە لێرە لەگەڵ ئێمە کار دەکەن، بە چاوێکی ئەرێنیانەوە ڕاپۆرتەکانیان بەرزبکەنەوە و هاوکاری زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن کە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری لەخۆ گرت، چونکە ئەم ڕێکخراوانە ئەرکێکی ئەخلاقییان لەسەر شانە بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و ڕاگوێزراوان، چونکە دابڕانی منداڵانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوە نەخوێندەواری و توندوتیژی زیاتر و ئێمەیش هەموو هەوڵێک دەدەین لەو پێناوەدا.[1]
17-09-2017