بۆری گازی سروشتی کوردستان توانای گواستنەوەی 30 ملیار مەترسێجای هەیە
📊 ئامار و راپرسی
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانوەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەورە کۆمپانیای روسنەفت، پەرەپێدانی کەرتی گازی سروشتی ئێمە خێراتر دەکات و بۆرییەکەی هەرێم ساڵانەی توانای هەناردەکەی بەراورد دەبێت بە 6 لەسەدی خواستی ئەوروپا بۆ گازی سروشتی.
لە راگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئەیلول لە ماڵپەڕی رەسمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەورە کۆمپانیای روسنەفت، پەرەپێدانی کەرتی گازی سرووشتی ئێمە خێراتر دەکات و گازی پێویست بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و هەناردەکردنی دابین دەکات و ئەمەش سەرچاوەیەکی نوێی داهات دروست دەکات کە خزمەت بە هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەمان دەکات.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوبکرێت و کۆمپانیای روسنەفت دەستدەکات بە دامەزراندنی بۆرییەکە بەپێی سیستمی BOOT (واتا درووستکردن، خاوەندارییەتی کردن، بەکارخستن و گواستنەوە) هەروەها بەپێی بژاردنی تەعریفەی درێژخایەن.
بەپێی راگەیەنراوەکە بۆرییەکە ساڵانە توانای گواستنەوەی تا 30 ملیار مەتری سێجا گازی دەبێت کە یەکسانە بە 6%ی خواستی ئەوروپا بۆ گازی سرووشتی، بۆرییەکە تا ساڵی 2019 بەمەبەستی بەکارهێنان و دابینکردنی ناوخۆ تەواو دەبێت و هەناردەکردنی گازیش لە ساڵی 2020 دەستپێدەکات.
وەزارەەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەنراوەکەدا دەشڵێت پلانەکانی بۆری گازی سروشتی بەشێکن لە زنجیرە رێککەوتنێک کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای روسنەفت لە شاری سان پترسبۆرگی روسیا لە مانگی شەشی 2017 بەمەبەستی زیادکردنی وەبەرهێنان لە ژێرخانی نەوت و گاز واژۆکران.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوولا سەرقاڵی بە کۆتایی گەیاندنی پڕۆژەی بەرزکردنەوەی توانای گواستنەوەی بۆری نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانن کە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان لە تورکیا دەکات، ئەم پرۆژەیەش هەر بەپێی تەعریفەی درێژخایەن دەکرێت.
[1]
19-09-2017