بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی #حکوومەتی هەرێمی کوردستان# بە (باس)ی ڕاگەیاند، پارە بۆ بەشێک لە پڕۆژەکان تەرخان کراوە و جوولەیەکی باش دەستی پێ کردووە.
ئەندازیار ئاگرین عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، ئەو پڕۆژانەی حکوومەت خۆی جێبەجێی دەکات، بە تایبەت لە ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە ئێستا پارەیان بۆ دابین دەکرێت و کاریان تێدا دەکرێت، گوتیشی: ”ئەو ڕێگایانەی گرنکن و لە تەواوبووندان پارەیان بۆ تەرخان کراوە، ئەو تونێلانەی زۆریان نەماوە و لە قۆناخی کۆتاییدان پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت کارکردن تیایاندا دەست پێ دەکاتەوە“.
187 پڕۆژەی جۆراوجۆری نیشتەجێکردن و ڕێگاوبان و تونێل هەیە، کە سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەن، زۆریان لە بێ بودجەیی وەستابوون، بەڵام بە گوتەی ئاگرین، هەموو پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بایی 2 ترلیۆن و 400 ملیار دینارە، لەو پڕۆژانە نیوەیان ماوە جێبەجێ بکرێن، بۆیە بەرنامەکە بەم جۆرەیە کە وردە وردە پارەیان بۆ تەرخان بکرێت و کاریان تێدا بکرێت. [1]
بەپێی زانیارییەکانی (باس)، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بڕی یەک ملیار دۆلار تەرخان بکات بۆ تەواوکردنی بەشێک لە پڕۆژەکان.
بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان، لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک و هەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان، حکوومەت پارەکەی دابەش کردووە و ئەو شوێنانەی پڕۆژەی زۆریا تێدا وەستاوە، بە تایبەت سلێمانی و گەرمیان پارەی زیاتر تەرخان دەکرێت.
شێروان ئەسعەد، بریکاری وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی بە (باس) ڕاگەیاند، بڕە پارەیەک مانگانە دەدرێتە بەڵێندەر و پڕۆژەکان، کاریگەریی باشی دروست کردووە لەسەر جووڵەی پڕۆژەکان و پارە پێدانەوە بە بەڵێندەران.
بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، زیاتر لە 4 هەزار پڕۆژەی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان وەستان.
میران کامیل، وتەبێژی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران ڕای گەیاند، بە چەند قۆناخێک بڕە پارەیەک بە بەڵێندەران دەدرێت و بەردەوامیی پێ دەدرێت.
روونی کردەوە، زیاتر لە 10 پڕۆژەی جیا جیا لە سلێمانی کارکردن تیایاندا دەستی پێ کردووەتەوە، لەوانە پرد و تونێل و چاککردنی ژمارەیەک لە ڕێگەوبان.
تاهیر عەبدوڵا، جێگری پارێزگاری هەولێر بە (باس)ی ڕاگەیاند، وێرای ئەوەی لەسەر داهاتی 20%ی شارەوانییەکان، پڕۆژەکان جێبەجێ دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا 10%ی پارە دەدرێتە قەرزی پڕۆژە وەستاوەکان، گوتیشی: ”ئەو بڕیارانە کاریگەرییان کردووە لەسەر دروستبوونی جموجۆڵێکی باش بۆ پڕۆژەکان، هەندێک بەڵێندەری تریش لەسەر بودجەی خۆیان بەردەوامن لە پڕۆژەکانیان“.