ڕۆژی یەکشەممە 24ی9ی2017 لە سەلاحەدین #ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم# بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی کۆبۆوە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرا و بەڕێز مەسعود بارزانی باسی ئەو کۆبوونەوە و پەیوەندییانەی کرد کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەبووە.
دواتر شاندی کوردستان کە ڕۆژی 23ی9ی2017 سەردانی بەغدایان کردبوو، ئەنجامی سەردانەکە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان خستەڕوو و ڕوونیان کردەوە کە بەغدا بەهیچ شێوەیەک، ئێستا و لە داهاتووشدا، ڕیفراندۆم قبوڵ ناکات و بە تەواوی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوون و دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز سەرۆککۆماری عێراق و هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیشیان ڕەت کردۆتەوە و ئامادە نەبوون لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان هیچ گفتوگۆیەک بکەن.
شاندەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بە لایەنە سیاسییەکانی عێراقیان ڕاگەیاندووە کە ئەوە بڕیاری گەلی کوردستانە و ڕیفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڕێوەدەچێت.
دواتر لیژنەی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، بەڵگەنامەکەی خستەڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئکید کرایەوە کە کوردستان لە ڕۆڵی کاریگەری خۆی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام دەبێت و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی تیرۆر درێژەی دەبێت.
دوای شی کردنەوەی سەرجەم پێشهات و هەڵوێستەکان، کۆبوونەوەکە ئەم بڕیارانەی دا:
یەکەم: ڕۆژی دووشەممە 25ی9ی2017، ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەچێت.
دووەم: کۆبوونەوەکە، بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی پەسند کرد و دەستخۆشیی لە لیژنەی ئامادەکاری بەڵگەنامەکە کرد.
سێیەم: دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق کراوە دەبێت. بە ئەجێندایەکی کراوەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرجەم بابەتەکان بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش.
چوارەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەستخۆشیی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سووربوونیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و جەختیش کرایەوە کە بە یەکڕیزی بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین.
ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم
24-09-2017