راگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی
#بزوتنەوەی گۆڕان# لە یەکەم ساتی ڕاگەیاندنیەوە لە بەرنامەی سیاسی خۆیدا مافی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی کردوە بە یەکێک لە ئامانجە نەتەوەییەکان. ڕیفراندۆمیش وەک هەنگاوێک بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە نەتەوەییە دانراوە. بەڵام سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هاوئاوازەکانیان ئەم پرۆسەیان بۆ دەسکەوتی کەسیی و حزبی و خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و یاسایی و سیاسییەکانی کوردستان بەکارهێناوە و ناشیرینیان کردوە. هەروەها هەنگاوەکانیان بەو ئاڕاستەیە بوە کە یەکڕیزی گەلەکەمان و یەک دەنگی خەڵکی کوردستان بخەنە بەردەم مەترسیەوە.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ #کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان# و بەشێک لە کەسایەتییە ڕۆشنبیر و نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان هەوڵی زۆرمانداوە گەلەکەمان بە یەکڕیزی و نەخشەیەکی تۆکمەوە هەنگاو بنێت بەرەو دروستکردنی پایەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و خۆمان بۆ ئایندەیەکی شایستە بە قوربانییەکانی گەلی کوردستان ئامادە بکەین. هەر بۆیە داوای دواخستنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆممان بۆ کاتێکی گونجاو کرد و داوامانکرد پێشوازی لە دەستپێشخەری هێزە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان بکرێت. بەڵام ئەو هەوڵانە فەرامۆشکران و گرنگی ئەو هەنگاوانە ڕەچاو نەکران. بۆیە هەر دەرەنجامێکی نەخوازراوی ئەم پرۆسەیە لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە لەم کاتەدا بڕیاریان لەم پرسە داوە.
لێرەش بەپێویستی دەزانین بڵێین کە حکومەتی بەغداش بەدەر نییە لە پێشێلکردنی دەستور و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانی ترو جێبەجێ نەکردنی ئەو مادە دەستورییانەی کە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر دەکەن.
لەکۆتاییدا ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان جارێکی تر جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بە #کەرکووک# و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانەوە دەکەینەوە، چونکە لە دروستبونی دەوڵەتی نوێی عێراقەوە تاکو ئەمڕۆ ململانێی سەرەکی نێوان گەلی کوردستان و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکان لەسەر دیاریکردنی سنوری جوگرافیای باشوری کوردستان بوە. چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کرۆکی چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کوردستانە لە عێراقدا. بۆیە وەک بزوتنەوەی گۆڕان هاوڵاتیانی کوردستان ئازاد دەکەین لە چۆنیێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا.
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان
24-09-2017