قایمقامی ناوەندی #هەولێر# دڵنیایی دەدات لەوەی بۆ شەش مانگ خواردنی پێویست لە کۆگاکانی ئەو شارەدا هەیە و ڕۆژانەش بارهەرڵگری بازرگانیی لەرێگەی دەروازەکانەوە بەبێ کێشە دەگاتە کوردستان.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی شاری هەولێر کۆبوونەتەوەو بۆیان دەرکەوتووە کە بۆ ماوەی شەش مانگ خواردنی پێویست لە کۆگاکاندا هەیە و پێویست ناکات هاوڵاتیان نیگەران بن.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە تا ئێستاش ڕۆژانە بارهەڵگری بازرگانی لەرێگەی دەروازەکانەوە بەبێ کێشە دەگەنە کوردستان.
لەبارەی دەنگۆی داخستنی دەروازەکانیشەوە، قایمقامی هەولێر دەڵێت هیچ کام لە دەروازەکان دانەخراون، هەروەها هاتوچۆی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاساییە و ئەمڕۆ چەندین فڕۆکە لەکات و ساتی خۆی گەیشتۆتە فڕۆکەخانە.
لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینیشەوە، پشتڕاستیکردەوە کە بەنزین نرخەکەی کەمێک گرانبووە، ئەویش هۆکارەکەی هەندێ گرفتی تەکنیکی پاڵەوگەکان بوو، ئەویش چارەسەرکرا و لەمەودوا نرخی بەنزین دادەبەزێتەوە ئاستی جارانی.
ئەو وتانەی قایمقامی هەولێر لەکاتێکدایە کە دوێنێ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و دەنگۆی داخستنی چەند دەروازەیەکی سنوریی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ لەئارادایە.[1]
26-09-2017